٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەریق جەمال ئیمینکی بۆ KDP: داعش ڕۆژ بە ڕۆژ کردەوەکانیان زیاتر دەبن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سوپاسالاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، داعش تاوەکو ئێستا مەترسییە بۆسەر عێراق بەتایبەت دوای ئەو دۆخەی لە سووریا ھاتۆتە پێش مەترسیەکانی زیاتر بووە، ھاوکات پێشی وایە بۆ ڕێگریکردن لە مەترسیەکانی داعش پێویستە عێراق ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بکات و زیاتر پشت بە ھاوپەیمانان ببەستن.

فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: داعش کۆتایی پێنەھاتووە و تاوەکو ئێستا لە سووریا و لە عێراقیش ماون بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە، کردەوەکانیان زیاتر بووە، چونکە دوای نەمانی ڕژێمی سووریا ئەوانیش بەدەرفەتیان زانیووە کردەوەکانیان زیاتر بکەن و خۆیان ڕێکبخەنەوە، بۆیە داعش کۆتایی پێ نەھاتووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش کردەوەکانیان زیاتر دەبن.

فەریق جەمال ئیمینکی پێشی وایە، ئەو مەترسیەی داعش بۆ سەر سووریا مەترسی بۆسەر عێراقیش ھەیە بەھۆی ئەو بارودۆخەی لە سووریا ھاتۆتە پێشەوە و ئێستا جارێ سەرەتایە، بۆیە مەترسیەک بۆسەر سووریا دروست بێت لەسەر عێراقیش کاریگەری دروست دەکات، چونکە لە عێراقیش بۆشاییی ئەمنی ھەیە بەتایبەت لە ناوچە کوردستانیەکان لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکان، چونکە بەردەوام لە کەرکووک و مووسڵ و دیالە کردەوە ئەنجام دەدەن.

ئیمینکی باس لە چارەسەرەکەش دەکات و دەڵێت: بۆ ئەوەی ڕێگری لەسەرھەڵدانەوەی داعش بکرێت، باشترین چارەسەر ئەوەیە ھەماھەنگی زیاتر لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەبێت و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ھەواڵگری ھەبێت، ھاوکات ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە پڕبکرێتەوە، ھەروەھا ئێستا دوو لیوای ھاوبەش دروستکراوە بۆ ئەو ناوچانە، پێم وایە بە دوو لیوا پڕناکرێتەوە و پێویستە لیوای زیاتر دروست بکرێت و زیاتریش پشت بە ھاوپەیمانان ببەستن، چونکە لەسەرەتای شەڕی داعشەوە ھاوپەیمانان ھاوکار و پاڵپشتن.

سوپاسالاری پێشووی پێشمەرگە باس لەوەش دەکات: ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان ھەن و ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکانیش دەکەن، بۆیە عێراق پێویستی زۆری بە ھاوپەیمانان ھەیە، پێویستە مەترسیەکانی داعش بەھەند وەربگرن و ناکرێت پشتگوێ بخرێن دواتر مەترسی گەورە لەسەر عێراق دروست بکەن.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار