پەرلەمانتارێک له ڕێگهی KDPیهوه باس لە وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دهكات

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بڕیارە دوای پشووی پەرلەمان کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت، ئەگەر کوتلەکان بگەنە رێککەوتن، ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەکرێت، ئەگەرنا دەکەوێتە ساڵی داھاتوو، بەڵام کورد و بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ گرفتێکی نییە و ئامادەیە ھەر کاتێک ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
مۆفەق شێخ شەھاب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "وادەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی پێدێت و ماوەکەیان بەسەر دەچێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی پشووی پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوەیەک لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت و ئەگەر توانرا فراکسیۆنەکان بگەنە رێککەوتن و ماوەکە درێژ بکرێتەوە، ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەکرێت، ئەگەرنا ڕەنگە ھەندێک دوابکەوێت.
شێخ شەھاب گوتیشی، "شیعەکان دەیانەوێت شێوازی ھەڵبژاردن گۆڕانکاری بەسەردا بێت و لە وادەی خۆیدا ھەڵبژاردن بکرێت، ئەگەر بە ھەمان شێوەی پێشتر بێت ڕەنگە ھەڵبژاردن بکەوێتە ساڵی داھاتوو، بۆیە ھەمووی لەسەر ئەوە دەمێنێت تاچەند کوتلەکان لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەگەنە رێککەوتن.
دەشڵێت، "بۆ ئێمەی کورد شێوازی ھەڵبژاردن ھەر چۆنێک بێت گرفتمان نییە ھەر پارێزگایەک بازنەیەک بێت یاخود پارێزگا بکرێتە چەند بازنەیەک، چونکە تەنیا بۆ کاندید ھەندێک قورس دەبێت، ئەگەرنا بۆ ئێمە ھیچ گرفتی نابێت، بۆیە ئێمەی کورد و بە تایبەت پارتی لەگەڵ ئەوەدایە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت و ئێمە ئامادەین بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
بڵند ئیبراھیم




