٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان سلێمان بۆ KDP: ساڵی نوێ دەبێتە ساڵی سەرکەوتنی زیاتری کوردستان و پارتی

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دھۆک دەڵێ، ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی سەرکەوتنی گەورە بوو بۆ پارتی و میللەتی کورد، چونکە ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئاسۆی پاشەڕۆژی کوردستان ڕوونە دەشڵێ، بۆ ساڵی ٢٠٢٥ پارتی بەو دووربینەی ھەیەتی بەردەوامی دەداتە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی، بۆیە ساڵی نوێ دەبێتە ھۆی سەرکەوتنی زیاتر بۆ کوردستان  و پارتی.

دکتۆرە ڤیان سلێمان، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک، لە لێدوانێکی تایبه‌تدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی، "ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی خۆڕاگری و تەحەدایەکی زۆر گرنگ بوو بۆ پارتی و خەڵکی کوردستان، ھاوکات ساڵی یەکگرتنی میللەت و پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، واتا خەڵکی کوردستان ھەمووان پێکەوە سەلماندیان پارتی و میللەت لەیەک جیانابنەوە سەرەڕای ھەموو گوشارەکان لەسەر پارتی و ھەرێمی کوردستان، بەڵام پارتی و میللەت پێکەوە سەلماندیان پشت لە یه‌ك ناکه‌ن، بۆیە لە ھەموو بارودۆخێکی ناخۆشدا خەڵکی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانە.

ناوبراو ئەوەش باس دەکات کە ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی قەیران و کارەساتی سروشتیی بوو، چونکە ئاگر لە قووتی خەڵک بەردرا، وەکو سووتانی بازاڕی چەلێ لە دھۆک، ھەروەھا لە ھەولێر و لە کەرکووک، کە لەلایەن خراپەکارانەوە سووتا، ھاوکات ساڵی برسیکردنی میللەتی کورد بوو، بەڵام میللەتی ئێمە بەسەرکردایەتی پارتی لەسەر ڕێگه‌ی ڕاست و دروست بەردەوام بوون و لە ئامانجەکان بەردەوام بوون کە ھیچ کات خۆمان ناچەمێنین.

دکتۆرە ڤیان سلێمان گوتیشی، "ئەو سەرکەوتنە گەورانەی لە ساڵی ٢٠٢٤ بەدەست ھاتوون و ئەو خۆڕاگریەی ھەبوو لەسەر ئاستی ناوخۆ بووینە حیزبی ملیۆنی و سەرکەوتنی پارتی بەتایبەت لە دھۆک لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەم  دیاربوو پارتی ھەڵقوڵاوی ناخی خەڵکە و ھەمیشە لەگەڵ خەڵکە و خەڵک خاوەن پارتییە و پارتی ھێز لە خەڵک وەردەگرێت و ھێزیش بە خەڵک دەدات، بۆیە پارتی خاوەن سەرۆکێکی بەھێز و مه‌زنه‌ و خاوەن ستراتیژیەتێکی درێژخایەنە و خوێندنەوەی پارتی بۆ بارودۆخەکە و مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆخەکان وای کردووە پارتی ھەمیشە سەرکەوتووبێت.

سلێمان باسی لەوەشکرد، "بۆ ساڵی ٢٠٢٥ پارتی بەو نەفەسە درێژەی ھەیە و بەو دووربینەی ھەیەتی بەردەوامی دەداتە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی، بۆیە ساڵی نوێ دەبێتە ھۆی سەرکەوتنی زیاتر بۆ پارتی و کوردستان، بۆیە ئاسۆی کوردستان ڕوونە و متمانەمان بەسەرکردایەتی پارتی ھەیە بەڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی، چونکە ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئاسۆی پاشەڕۆژی کوردستان ڕوونە و گەیشتن بەو ئامانجانە لەم قۆناغە زۆر نزیکە لەڕووی سیاسی و پەیوەندی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی ناوخۆ.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار