مەسرور بارزانی: سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی گەل و حكوومەتی كۆریای باشوور دەكەم

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، مەسروور بارزانی، لە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)دا، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەل و حکوومەتی کۆریای باشوور کرد لەبارەی ڕووداوی تێکشکانی فڕۆکەی جیجو.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی هاوخەمیدا سەرەخۆشی ئاراستەی گەل و حکوومەتی کۆریای باشوور دەکات بۆ ڕووداوە دڵتەزێنەکەی تێکشکانی فڕۆکەی جیجو، هەروەها دەڵێ، لەم کاتە سەختەدا، ھاوخەمی خانەوادەی قوربانییەکانی ئەو ڕووداوەم.
بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە ٢٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، فڕۆکەیەکی نەفەر ھەڵگر لە جۆری بۆینگ ٧٣٧-٨AS، لە کاتی نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی موان کەوتە خوارەوە، کە ١٨١ سەرنشینی تێدا بوو، لە نێویاندا شەش کەسیان دەستەی فڕۆکەوانی بوون، ئەمەش بە خراپترین کارەسات لە مێژووی وڵاتەکە دادەنرێت.




