جێگری پارێزگاری ھەولێر بۆ KDP، وادەی تەواوبوونی نووژەنکردنەوەی قەیسەری ھەولێری ڕاگەیاند

ھەولێر -KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر دەڵێت،
"نووژەنکردنەوەی قەیسەری ھەولێر بەردەوامە و چاوەرێ دەکرێت سەرەتای مانگی ٣ی ساڵی داھاتوو تەواوبێت و دوکانەکان ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە".
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دوای سووتاندنی قەیسەری ھەولێر، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نووژەنکردنەوەی بەردەوامە و کاری تێدا دەکرێت، قۆناغیی زۆر باش چووەتە پێش، بەشێکی قەیسەری بەپێی ڕێنمایی یونسکۆ لەسەر شێوازی خۆی نووژەن دەکرێتەوە، بۆیە کاری تێدا بەردەوام دەبێت تا نووژەنکردنەوەی تەواو دەبێت".
جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتیشی "بەو پێیەی کاری تێدا دەکرێت و پلانمان بۆ داناوە، چاوەرێ دەکرێت تاوەکو سەرەتای مانگی سێی ساڵی داھاتوو کە دەکاتە سەرەتای مانگی ڕەمەزان کاری نووژەنکردنەوەی قەیسەری ھەولێر تەواو بێت و دوکانەکانیش ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە، چونکە زۆرینەی کاری نووژەنکردنەوەکە تەواو بووە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەدوای سووتاندنی قەیسەری ھەولێر، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر زوو ھاتە سەر خەت و خۆیشی دوو جار سەردانی کردووە و بڕیاری دا، ئەو قەیسەرییە نووژەن بکرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




