لە ئەشکەوتی شانەدەر مۆزەخانەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەموو ڕێکارەکانی دروستکردنی مۆزەخانەیەکی سەردەمیانە و سەرنجڕاکێش بۆ نمایشکردنی ئەو کەلوپەلانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر دەدۆزرێنەوە، تەواو بووە و تەنیا ماوە دەست بە دروستکردنی بکرێت، کە زانکۆی کامبریجی بەریتانی کارەکە ئەنجام دەدات.
محەممەد لەشکری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ئەشکەوتی شانەدەر لە لای خوارەوەی ئەشکەوتەکە مۆزەخانەیەک دروست دەکرێت و ئەو کەلوپەلانەی لە ئەشکەوتەکە دەدۆزرێنەوە، لەوێ دادەنرێن، بۆیە تیمی زانکۆی کامبریجی بەریتانی ئێستا کار لە شانەدەر دەکەن و دیزاینی مۆزەخانەکەیان کردووە و ھەموو کارەکانی دروستکردنی تەواو بوون، کە چۆن گەشتیاران ڕێنمایی بکرێن سەردانی مۆزەخانەکە بکەن و تەنیا ماوە دەست بە دروستکردنی مۆزەخانەکە بکرێت، کە زانکۆکە خۆی بە کارەکە ھەڵدەستێت، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ئەوەی بێن سەردانی مۆزەخانەکە بکەن و بە چاوی خۆیان کەلوپەلە شوێنەوارییەکانی ئەشکەوتی شانەدەر ببینن.
لەشکری گوتیشی: مۆزەخانەکە بە جۆرێک دروست دەکرێت، سەردەمیانە بێت و بەردەوام خەڵک سەردانی بکات و سەرنجڕاکێش بێت، کە مۆزەخانەیەکی کراوە دەبێت، بۆیە ئەوە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین سەرنجی گەشتیارێکی زۆر ڕاکێشین بێن سەردانی ئەو شوێنانە بکەن کە شوێنەواریین، بەتایبەت شوێنەواری ئەشکەوتی شانەدەر، کە زۆر بەناوبانگە لەسەر ئاستی جیھان نەک تەنیا ھەرێمی کوردستان و ئێستاش مۆزەخانەکە ھەموو ڕێکارەکانی تەواو بووە و تەنیا ماوە دەست بە دروستکردنی بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




