ئەشواق جاف لە ڕێگەی KDPیەوە باسی ئەولەویەتی پارتی بۆ ساڵی 2025 دەکات

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، لە پاراستنی ماف و دەستکەوتەکان پارتی ھەمیشە لە سەنگەری پێشەوە بووە، هەر ئەمەش وای کردووە لە ھەڵبژاردنەکان دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت، هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە ئەولەویەتی پارتی بۆ ساڵی ٢٠٢٥، پاراستنی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلی کوردستانە.
د.ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام خەمی گەلەکەی بووە و لە پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانیش ھەمیشە لە سەنگەری پێشەوە بووە، پارتی لەڕووی خەباتی سیاسییەوە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیھانیش بۆ پرسی کورد ڕۆڵی گەورەی بینیووە، دیارە لە ڕووی پەرەپێدانی پێکەوەژیان و ماف و ئازادییە گشتی و کەسییەکانیش پارتی پێشەنگە، ئەمەش وای کردووە پارتی نەک تەنیا موڵکی پارتییەکان بەڵکو سامانێکی سیاسی گەورەی ھەموو کوردستانیان بێت و متمانەی پێ بکەن و دەنگی پێبدەن و ڕەفتار و گوتار و کرداری پارتی لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی ھەموو گەلی کوردستانە بە ھەموو جیاوازییە ئایدۆلۆژی و پێکھاتەکانەوە، ھەموو ئەمانە ھۆکارن بۆ ئەوەی سەرەڕای ئەوەی ویستیان لێی بدەن، بەڵام سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردن دەریخستەوە پارتی قووڵایی جەماوەری بەھێزی ھەیە".
د. ئەشواق جەختیش دەکاتەوە: "پارتی حزبی بەرپرسیارەتییە سیاسی و مێژووییەکانە و مێژووی ئەم پارتە پڕە لە شانازی و قوربانیدان و بەھیچ شێوەیەک لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان مساوەمەی نەکردووە و نایکات، لێرە بەدواوەش مافەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنیان ئەولەویەتی پارتین بۆ ھەمیشە، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ ڕەگ داکوتانی ئەم پرەنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانیانە زۆر دیار و بەرچاوە لە ڕابەرایەتیکردندا و بۆتە ھۆی بەھێزیی پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و پارتیشی لە گۆڕەپانی سیاسیدا وەک ھێزی یەکەم ھێشتۆتەوە".
ئەشواق جاف، پەیوەست بە ئەولەویەتی پارتی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ گوتی: "ئەولەویەتی پارتی بۆ ساڵی ٢٠٢٥، پاراستنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلی کوردستانە، ھەوڵ دەدات ئەو مەلەفانەی لەگەڵ بەغدا بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە بە ھۆکاری جێبەجێ نەکردنی دەستوور لەلایەن دەسەڵاتی عێراقەوە چارە بکرێن، چونکە بەشێکی زۆر لەوانە لە کارنامەی حکوومەتی بەڕێز (محەممەد شیاع سوودانی) دا و لە ڕێککەوتنەکاندا لەگەڵ لایەنەکانی عێراقی بە فەرمی ھاتوون و بەڵێنیان لەسەر دراوە جێبەجێ بکرێن، جگە لەوەش لەسەر بنەمای دەسەڵاتە دەستوورییەکانمان وەک ھەرێمی کوردستان، پارتی ھەوڵ دەدات پێگەی دیبلۆماسی ھەرێم لە ساڵی داھاتوو کاراتر و بەھێزتر ببێت".
لەبارەی دۆخی ناوخۆیی کوردستان و پێکھێنانی حکوومەت لە ساڵی داھاتوو، ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوە دەکات: "ئەوەی ئێمە وەک پارتی پێداگریی لەسەر دەکەین لەبارەی ناوخۆ، پرسی یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان، یەک ھێزی پێشمەرگەیە، ئەمانە دەبنە ھەوێنی ھەرێمی کوردستانی سەرکەوتوو و سەقامگیر و پرسی مافەکانی ھێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە مەنزوومەی بەرگری لە عێراق، بۆ پارتی زۆر گرینگە و پێداگری ئێمە لەسەر ئەم پایە گرینگانە بۆ ئەوەیە ھیچ کەس لە ھەرێمی کوردستان لەسەرووی یاسا نەبێت و پێویستە ھەموو لایەک پێملی ئۆتۆریتەی سیاسی و یاسایی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بێت، تاوەکو حکوومەتی داھاتوو بەبێ جیاوازی بتوانێ خزمەتی ھەموو ناوچەکان بکات و ڕێ لە ھەر دیاردەیەک کە زیان بە پرێستیجی ھەرێمی کوردستان بگەیەنێ بگرێت".
سەلاح جەلال




