لە ئایندەیەکی نزیک گەورەترین عەلوەی سەوزە و میوە دەکرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- لە چەند ڕۆژی داھاتوو، پڕۆژەی ڤیا بازاڕ لە ناوچەی قوشتەپەی نزیک ھەولێر دەکرێتەوە و نوێنەری پڕۆژەکەش دەڵێ، ڤیا بازاڕ کاریگەری لەسەر ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان دەبێت و دەبێتە گەورەترین بازاڕی سەوزە و میوە.
پارێزەر ڕێبوار لەتیف، نوێنەری یاسایی پڕۆژەی ڤیا بازاڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ڤیا بازاڕ عەلوەیەکی گەورەیە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێڕاق، لەسەر ڕێگەی قوشتەپە کەرکووک، لەسەر ڕووبەری پەنجا دۆنم زەوی دروستکراوە، زەوی پڕۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٥ وەرگیراوە و کاری تێدا کراوە، پڕۆژەی بازاڕی ڤیا ھەموو کارەکانی تەواوبووە و لە چەند ڕۆژی داھاتوو بە شێوەیەکی فەرمیی دەکرێتەوە، ئەو پڕۆژەیە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان یەکەم پڕۆژەی سەوزە و میوە دەبێت بە ستاندەردی پێشکەوتوو و سەردەمیانە دروست کرابێت.
ناوچەیەکی کشتوکاڵی ھەڵبژێردراوە بۆ دروستکردنی بازاڕەکە، وەک نوێنەری پڕۆژەکە دەڵێت: مەبەست لە ھەڵبژاردنی قەزای قوشتەپە بۆ کردنەوەی عەلوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕێژەیەکی زۆری سەوزە و میوە لە دەشتی قوشتەپە و پردێ بەرھەم دێت، ناوچەکە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی ھەرێم و عێراق، ھەر نۆزدە پارێزگای عێراق و ھەرێمی کوردستان سوود لە بازاڕەکە دەبینن.
جووتیار و بازرگانێکی زۆر بەرھەمەکانیان ئامادە کردووە، پڕۆژەکە ١١٩ عەلوەی گەورە لەخۆ دەگرێت ژمارەیەک دووکانی تێدایە لەگەڵ خزمەتگوزاریەکانی پێویست لە مارکێت و مزگەوت و گۆڕەپانی وەستانی ئۆتۆمبێل و خزمەتگوزاری گشتی، لەڕووی پاکو خاوێنی و ژینگە پارێزییەوە ھەموو مەرجەکانی تێدایە.
پارێزەر ڕێبوار لەتیف باسی ھەلی کاری لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە کردوو وتی، پڕۆژەکە ھەلی کار بۆ نزیکەی ٦٠٠ کەس دەڕەخسێنێ، جگە لەو جووتیار و بازرگانانەی ڕۆژانە سەردانی بازاڕەکە دەکەن بۆ کڕین و فرۆشتنی بەرھەمی سەوزە و میوە، بڕیارە سەرەتا دەرفەتی کار بۆ دانیشتوانی قەزای قوشتەپە بێت، چونکە پڕۆژەکە دەکەوێتە ئەو سنوورە و دەمانەوێ زۆرترین ھەلی کاریش بۆ خەڵکی ئەو قەزایە بێت.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، ڤیا بازاڕ تەنیا عەلوەیەکی ئاسایی نییە، جگە لە بەرھەمی ناوخۆ لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانی وڵاتانیش ڕێککەوتووین بەرھەمەکانیان لەو بازاڕە ساخ دەکرێتەوە، ھەر لە ڤیا بازاڕ بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە دەکرێت و سەوزە و میوە بۆ ھەموو پارێزگاکان ڕەوانە دەکرێت.
قائید میرۆ




