٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی لە سلێمانی یادی ھونەرمەند (حاجی مەکی) کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- لە شاری سلێمانی، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا یادی ھونەرمەندی دیار و نێوداری کورد (حاجی مەکی) کردەوە.

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پایتەختی ڕۆشنبیری بە ئامادەبوونی (د.سالار عوسمان) بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و (ئاری ھەرسین) بەرپرسی لقی ٤ی پارتی و، (نیاز نووری) نەقیبی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان، ھونەرمەندان و ڕۆشنبیران، یادی ھونەرمەندی ناسراوی کورد (حاجی مەکی) کرایەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە (وتار، دۆکیۆمێنتاری، پەیڤین، ڕێزلێنان و گوڵی وەفا)ی لەخۆگرتبوو، لە دەستپێکدا نۆ مۆم ھەڵگیرسێندران بۆ نۆ ساڵەی کۆچی دوایی ڕەوانشاد (حاجی مەکی).

دواتر (د.سالار عوسمان) گوتاری بەخێرھاتنی پێشکەشکرد و تیشکی خستە سەر گەشتی ژیان، ھونەر و داھێنانەکانی کۆچکردوو (حاجی مەکی). پاشان (نیاز نووری) نەقیبی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەبارەی ژیان و بەرھەمەکانی (حاجی مەکی) پێشکەش کرا کە لەلایەن سلێمانی تیڤیەوە ئامادەکرابوو. ھەروەھا باسان ئەنوەر کلارنێتژەن ئاوازی خەمێکی سپی ژەنی و ھەریەک لە ھونەرمەندان کەمال ڕەئووف ھەنجیرە و دەرھێنەر ئومێد کەمال گوتاریان پێشکەشکرد.

لە کۆتا بڕگەی یادکردنەوەکەدا (ئاری ھەرسین) بەرپرسی لقی ٤ی (پ.د.ک) خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بە بنەماڵە کرد و، ھەروەھا چەپکە گوڵی وەفای بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لەلایەن ھونەرمەند (غەفوور عبداللە) پێشکەش بە ماڵباتی (حاجی مەکی) کرا و، گوتاری بنەماڵەش لەلایەن (ئاری جەلیل عەبدوڵڵا) خوێندرایەوە و چەپکە گوڵی وەفای ماڵباتەکە لەلایەن خاتوو (لانە حاجی مەکی) پێشکەش بە (د. سالار عوسمان) کرا.

هەواڵی پەیوەندیدار