٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری هەولێر: لە بەیانییەوە ژمارەی گەشتیاران زۆر زیاتر دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر دەڵێت، رۆژانە نزیکەی حەوت هەزار گەشتیار بەبۆنەی جەژنی کریسمس و سەری ساڵی زایینی، سەردانی پارێزگاکەیان کردووە. گوتیشی، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا گەشتیاری زیاتر روو لە شارەکە بکەن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە عەنکاوە رایگەیاند، ''عەنکاوەی خۆشەویست بووەتە پایتەختی کریستیانەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان و لێرە دەگیرسێنەوە. وێڕای پیرۆزبایی جەژنی کریسمس، جەخت لە بنەما سەرەکییەکانی حکوومەت بۆ پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردن دەکەینەوە.''

ئومێد خۆشناو گوتی، بەبۆنەی کریسمسەوە هیچ ئاهەنگێکی فەرمی لە هەولێر بەڕێوەناچێت، ''بەڵام دامەزراوە حکوومی و ئەمنییەکان، ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ هاتنی گەشتیاران. تیمەکانی گەشتوگوزاریش لەگەڵ ئاسایش، بۆ پێشوازی لە گەشتیاران لە بازگەکاندا ئامادە دەبن.''

بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، ساڵانی رابردوو، لەدوای 25ـی کانوونی یەکەمەوە، گەشتیارانی پشووی کریسمس و سەری ساڵی زایینی روویان لە هەولێر دەکرد، ''بەڵام بەخۆشییەوە ئەم ساڵ، هاتنیان بەر لە 20ـی مانگ دەستیپێکردووە.''

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە 5 بۆ 7 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێر دەکەن، ''بەڵام دڵنیام لە بەیانییەوە ژمارەیان زۆر زیاتر دەبێت. دوای کۆتاییهاتنی ئاهەنگەکانیش، ژمارەی گشتیی گەشتیاران لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزارەوە بڵاودەکرێتەوە.'' 

هەواڵی پەیوەندیدار