٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. سالار عوسمان: دیدگای پارتی کوردستانێکی به‌هێز و حکوومەتێکی پتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- دکتۆر سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پارتی ھیچ مەرجێکی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی تازە نیە و ھیچ کاتێکیش بۆ پۆست گرفت بۆ پێکھێنانی حکوومەت دروست ناکات، بۆیە ئەوانەی بینینیان بۆ کوردستان فراوانە بەشێوەی مەرج دانوستان بۆ حکوومەت ناکەن.

دکتۆر سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، "سەرەتا پێویستە ڕوانگەی ھەموو حیزبەکان ببینین و دیراسە بکەین بۆ پێکھێنانی حکوومەتی تازەی ھەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی نوێش دکتۆر سالار عوسمان گوتی، "زوو پێکدێت یاخود دوادەکەوێت لای پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەڕوونی باسی ئەوەی کردووە لەدوایین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی و لە میدیا و بەیاننامە فەرمییەکان و لە کۆبوونەوەکانیش زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی زوو حکوومەت پێکبێت و دەنگی خەڵکی کوردستان كه‌ بە لایەنەکانی داوە ببێتە فاکت و واقیع، بۆیە پارتی بە پەرۆشە ئەم کابینەیە زوو پێکبێت.

پەیوەسەت بە بابەتی مووچەش، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی پێی وایە، کێشەی مووچە ئەوەندەی پەیوەندی بە بەغدا و تێگەیشتنی سیاسی لە بەغدا ھەیە ئەوەندە پەیوەندی بە حکوومەتی ھەرێمەوە نیە و گرفتەکە لە بەغدا سەریھەڵداوە ئەگەرنا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو کار و ئەجێندا و دیتن و ڕوانگەکانی خۆی باس کردووە، بۆیە ئومێدەوارین بەغدا لە ساڵی نوێ ئەم گرفتە چارەسەر بکات بەپێی ئەو یاسا و ڕێنماییانەی ھەیە.

ناوبراو باسی لەوەشکرد: پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەی تازەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ مەرجی نیە، جگە لەوەی یەک ھەرێم و یەک پەرلەمان و یەک حکوومەت و یەک ھێزی پێشمەرگە و کۆتایی ھێنان بە ھەموو کارێکی نا یاسایی و پارتی ھیچ کات لەسەر وەزارەتێک و پۆستێک گرفتی دروست نەکردووە و بەردەوام بەگیانی پێکەوەیی دانوستانەکانی ڕێکخستووە و ئەمجارەش پەرۆشتر لە جاران دەیەوێت ئەم کابینەیە پێکبێت، بۆیە ئەوەی لە دیدگای پارتی ھەیە کوردستانێکی به‌هێز و حکوومەتێکی پتەوە بۆیە تێگەیشتنی نوێ لە سیاسەت گفتووگۆ و لێکتێگەیشتنە، ئەوانەی بینینیان بۆ کوردستان فراوان بێت بەشێوەی مەرج دانوستان ناکەن.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار