شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان جەژنە پیرۆزەیان لە مەسیحییەکان کرد

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە خانەی مەترانیی سریان ئەرتۆدۆکس لە عەنکاوە، شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی پیرۆزباییی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت) کرد.
شاندەكە پێکهاتبوون لە فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، د. نووری عوسمان سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک، ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی.
شاندەكە لەلایەن پارتریارک مەتران سەرۆکی ئەساقیفە و پیاوانی ئایینی گشت کەنیسە و ئەسقەفییە جیاجیاکانی کوردستان و عێراق و جیهانەوە پێشوازییان لێکرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی دیوان و شاندی سەرۆکایەتی، جەژنە پیرۆزەیان لە پیاوانی ئایینی و کەسایەتی و جەماوەری كریستیان کرد و هیوای خۆشی و شادییان لە سایەی کەشی ئارام و سەقامگیری هەرێمی کوردستاندا بۆ خواستن.
لای خۆیانەوە پیاوانی ئایینی كریستیانی گشت کەنیسە جیاجیاکان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان بە بەشداریی شاندەکە، ژیانی پێکەوەیی و لێبوردەییی هەرێمی کوردستانیان بە نموونەیی وەسف کرد و وێڕای نرخاندنی ڕەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمەکە، جەختیان لە بەردەوامیی برایەتی و پێکەوەییی نێوان هەموو پێکهاتەکانی کوردستان کردەوە.




