٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی دەستە بۆ KDP: بۆ چارەکردنی پیسبوونی ژینگە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیرا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەنجوومەنی باڵای پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و باسی ھۆکار و چارەکردنی پیسبوونی ژینگەی ھەرێمی کوردستانی کرد، کە سێ ھۆکاری سەرەکی کاریگەرییان لەسەر پیسبوونی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، لەوانە زۆریی ژمارەی کارگە و پاڵاوگەکان.

ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەنجوومەنی باڵای پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی لەبارەی ئاستی پیسبوونی ھەوا و دەستنیشانکردنی ھۆکار و دیاریکردنی چارەسەرەکان ئەنجام دا، لە تەوەری سەرەکیدا بە شێوەیەکی گشتی باس لەوە کرا کە زۆر لە وڵاتان ڕووبەڕووی دیاردەی پیسبوونی ھەوا بوونەتەوە، تەنانەت ھەندێک وڵات ڕێکاری زۆر گەورەیان گرتووەتە بەر، وەک گواستنەوەی پایتەخت و دروستکردنی شاری ھاوشانی پایتەختەکان، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی کەم بێتەوە، کە سێ ھۆکاری سەرەکی کە کاریگەریی زۆریان ھەیە لەسەر پیسبوونی ھەوا، ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم: زۆریی ژمارەی کارگەکان و پاڵاوگەکان.

دووەم: زۆربوونی ھۆکارەکانی گواستنەوەی تایبەت و کەمیی ھۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی.

سێیەم: زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و چڕبوونەوەیان لە سەنتەری شارەکاندا.

عەبدولڕەحمان سدیق باس لە ھەنگاوەکانی دەستەی ژینگە لە بواری کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پیسبوونی ھەوا دەکات، کە بریتین لە:

یەکەم: بە ھەمامەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی (جی ئای زێد) پێوانەی ھەوای شارەکانی ھەولێر و دھۆک کراوە، دەرەنجام دەرکەوتووە ئاستی پیسبوونی ھەوا مامناوەندە و پێویستە کار لەسەر کەمکردنەوەی بکرێت.

دووەم: ڕێنمایی کوالێتی ھەوا لە دەستەی ژینگە، ئێستا کاری لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی جارێکی دی بە شێوازێکی وردتر ھەموار بکرێتەوە.

سێیەم: ئێستا ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ دابینکردنی چوار وێستگەی پێوانەکردنی کوالێتی ھەوا بۆ شاری ھەولێر، لە قۆناغەکانی داھاتوو بۆ شارەکانی دیکەش دابین دەکرێت.

چوارەم: وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە بۆ لێخۆشبوونی باجی سەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە شێوەی ١٠٠%، ئێستا لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی ھایبرێدیش بۆ ٥٠% ئەم لێخۆشبوونە وەربگرن، ئەمەش وەک ھەوڵێک بۆ ھاندانی ھاووڵاتییان بۆ ڕووکردنە ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە.

پێنجەم: سەبارەت بە پاڵاوگە نایاساییەکان، کە ھۆکارێکی سەرەکیی پیسکردنی ھەوای شاری ھەولێرن، ھەڵمەتی داخستنیان بەردەوامە و تا ئێستا لە سنووری ھەولێر (٥١) پاڵاوگە داخراون و تیمەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون و گرتنەبەری ڕێکاری توند بەرامبەر ئەوانەی دیکە کە ماون و پابەندی مەرج و ڕێنماییەکان نین.

شەشەم: لە ماوەی ڕابردوو لە سنووری پارێزگای ھەولێر ڕێکاری یاسایی بەرامبەر نزیکەی دووسەد لەو مۆلیدانە گیراوەتە بەر، ھەندێکیش لەو مۆلیدانە گۆڕدراون بە جۆری باشتر.

حەوتەم: لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیران ڕێکاری یاسایی بەرامبەر پاڵاوگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگای دھۆک دەگیرێتە بەر بۆ بەدواداچوون و وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران لە جێبەجێنەکردنی مەرج و ڕێنماییەکانی دامەزراندنی پاڵاوگە لە ڕووی (ئیداری و تەکنیکی و ژینگەیی).

سەرۆکی دەستە ئەوەشی خستە ڕوو: گرینگترین ڕاسپاردەکانی ئەنجوومەنی باڵای پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بریتی بوون لە زۆر ڕێکار بە پەسەند زانران بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری خێرا و ھەنووکەییان لەبارەوە بدات، دەسەڵاتی تەواویش بدرێتە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێنماییەکانی پەیوەست بە کوالێتی ھەوا، وەک:

١. پێویستە بە زووترین کات تەواوی پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن.

٢. ئەو جۆرە سووتەمەنییە کوالێتی خراپانەی لە بازاڕ دەفرۆشرێن قەدەغە بکرێن.

٣. خاوەن مۆلیدەکان پابەند بکرێن بە بەکارھێنانی سووتەمەنیی گونجاو.

٤. ھەوڵی زیاتر بدرێت بە دابینکردنی کارەبا لە وزەی خاوێن و دۆستی ژینگە.

٥. پێویستە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کار بکات بۆ ئەوەی سووتەمەنیی کوالێتی بەرز بخاتە بازاڕ.

٦. تیمەکانی چاودێری و بەدواداچوونی دامودەزگاکانی حکوومەت فراوانتر بکرێن و ڕۆڵی زیاتر بگێڕن.

٧. ڕێکاری توند بگیرێتە بەر بۆ ئەوانەی بە ھەر ھۆکارێک ژینگە پیس دەکەن.

٨. دادوەرێکی ژینگەیی لە دادگاکان بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسە ژینگەییەکان لەو قۆناغە بە پێویست زانرا.

٩. بینا و باڵاخانە نوێیەکان پابەند بکرێن بە ڕەچاوکردنی مەرج و ڕێنمایی ژینگەیی.

١٠. ئۆتۆمبێلی تاکسی بەردەوام نەسووڕێنەوە، وێستگەیان ھەبێت و لە کاتی داواکردن جوڵە بکەن.

١١. دابینکردنی ھێڵی گواستنەوەی گشتی.

١٢. قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی (دوو تەنی)، چونکە لە شەقامەکان دووکەڵی زۆر دەکەن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار