٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاوە عەلی بۆ KDP: ساڵی 2024 ساڵی جێبەجێکردنی پڕۆژە بوو لە هەڵەبجە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2024 دوو جار سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد و بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژەی ستراتیژی پرد و ڕێگای تووەقووت و سایلۆی هەڵەبجەی دانا و بڕیاریشی لەسەر دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دیکە دا، جێگری پارێزگاری پێشووی هەڵەبجەش دەڵێ، ساڵی 2024 ئەوەندەی چەندین ساڵی ڕابردوو بڕیار لە پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ هەڵەبجە دراوە.

كاوە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و جێگری پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی کوردستان، ڕایگەیاند: ساڵی 2024 بەقەدەر چەندین ساڵ بودجە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە لە هەڵەبجە بڕیاری لێدرا لەلایەن سەرۆكوەزیرانی كوردستانەوە، لەو دوو سەردانەدا کە هات بۆ پارێزگاكە.

ناوبراو گوتیشی: لە ئێستادا دوو پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی كاركردن تێیاندا بەردەوامە، کە ئەوانیش ڕێگا و پردی تووەقووت و سایلۆی هەڵەبجەن، هەروەها ڕێكارەكانی دەستپێكردنی پڕۆژەی پردی تەی سەی محەمەد تەواو بووە لە تەندەرین و گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا تەواو كراوە.

هاووڵاتیانی هەڵەبجە باس لەوە دەكەن، مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی گەورەی خزمەتگوزاریی لە سنوورەکە ناوە، ساڵی 2025 و لە كابینەی 10 چاوەڕێی كاری گەورەتر دەكەین.

دەشڵێن: سەبارەت بە پڕۆژەكانی پەرەپێدان و وەبەرهێنان، چەندین پڕۆژەی گرنگ دەستبەكار بوونەوە، نزیكەی %30ی پڕۆژەكان نەختینەیان بۆ دابین كراوە، هەروەها چەند پڕۆژەیەكی تری نوێمان هەبوو نەكەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، کە بودجەكەیان 13 ملیار دینار بوو.

دانیشتووانی هەڵەبجە ڕوونیشی دەکەنەوە: سەرۆكوەزیران بڕیاری لەسەر 12 پڕۆژەی قیڕتاوکردن دا بۆ ناوەندی پارێزگا و قەزا و ناحیە و گوندەكان، کە 270 هەزار مەترە و چاوەڕێ دەكرێت ئەو پڕۆژانەش كارەكانیان بەكۆتا بگات و دەست بە كاركردن تێیاندا بكرێت.

هەر لەوبارەیەوە، كاوە عەلی دەڵێ: بە بڕیاری مەسروور بارزانی 14 پڕۆژەی وەستاو كە بودجەیان لەسەر داهاتی نەوت بوو، گۆڕدرا بۆ بودجەی وەبەرهێنان و نزیكەی 30 ملیار دیناری بۆ تەرخان کرا، کە ئەمە بە هەنگاوێكی گەورە دەبینین بۆ پارێزگای هەڵەبجە، چونكە ئەو پڕۆژانە مردبوون و زیندوو بوونەتەوە".

گوتیشی: سەرۆكوەزیرانی كوردستان ڕەزامەندیی داوە بە خەرجكردنی سولفە بۆ خانووی كەسوكاری شەهیدان، بەڵام هەنگاوەكانی دەستپێكردنی نەنراوە، بە هیوای ئەوەی بە زوویی بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو بڕیارەش زۆر پێویست بوو و كەسوكاری شەهیدان ساڵانێكی زۆر چاوەڕێ بوون.

 دەشڵێ: پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە زیاتر لە %55ی كارەكانی تەواو بووە و كاركردن تێیدا بەردەوامە، هەروەها پڕۆژەی ڕێگای پردی تووەقووت لە بەری هەڵەبجەوە 9 كیلۆمەترە و كاركردن تێیدا بەردەوامە، پردەكە و زیاتر لە 18 كیلۆ مەتری كە بەرەو دەربەندیخانە، كاركردن تێیاندا دەستی پێنەكردووە، ئەوەی هەیە بەگشتی كاركردن لە پڕۆژەكە بەردەوامە، لەگەڵ فراوانكردن و قیڕكردن و ڕواندنی دار لە شەقامی ناوەندی پارێزگا کە بودجەكەی وەزارەتی شارەوانی بۆی تەرخان كردووە، هەروەها قیركردنی كۆڵانەكانی گەڕەكی ئەندازیاران و چەند گەڕەكێكی تر لەسەر بودجەی شارەوانی.

ئاماژەشی دا: هەڵەبجە لە ماوەی ساڵی 2024 بەهۆی پڕۆژە بڕیارلێدراوەكان لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی، گەشانەوەی بەخۆوە بینیوە و ئەمەش هەلی كار و بازاڕی بووژاندووەتەوە، کە هاووڵاتییان بە خۆشحاڵییەوە لە پڕۆژەكان دەڕوانن.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار