غەفووری باسی ئهو نەخشە ڕێگایە دهكات كه سەرۆک بارزانی له کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی پێشکەشیکرد

ئەورووپا-KDP.info- بەرپرسی لقی ٦ی پارتی لە ئەورووپا باس لە کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٢ لە لەندەن بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لەسەر داھاتووی سیاسی عێراق و دوای ڕووخانی ڕژێم دەکات و دەڵێت، ساڵی ٢٠٠٢ بە ھەوڵی سەرۆک بارزانی کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە لەندەن بەڕێوەچوو، ئەوکات پێداگیری سەرۆک بارزانی لە داڕشتن و چەسپاندنی ماف و ئازادییەکانی کوردستان ڕۆڵی بەرچاو و گرنگی بینی لە دانانی خاڵ بە خاڵی داخوازییەکانی گەلی کوردستان.
سەرھەد غەفووری، بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبهت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باس له کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٢ لە لەندەن دهكات و دهڵێ: "لە دوای جەختکردنی ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانیان بۆ پلانی ڕووخاندنی ڕژێمی عێراق و ھێرشکردنە سەری، لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری لەندەن بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و جەلال تاڵەبانی کە زۆرینەی ھێز و ڕەوت و کەسایەتییە بەرھەڵستکارەکانی عێراق لەژێر درووشمی (لە پێناوی ڕزگارکردنی عێراق و ھێنانەدی دیموکراسییەت) کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بەڕێوەچوو بۆ گفتوگۆکردن و تاوتوێکردنی بارودۆخەکە لەسەر داھاتووی سیاسی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بە ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی، کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە لەندەن لە پڕۆژەی قۆناغی گواستنەوە و ڕاگەیەندراوی سیاسیی خۆیدا بڕیاری لەسەر ئەوەدا کە عێراقی داھاتوو عێراقێکی دیموکراتی و پەرلەمانی و فرەلایەن و فیدڕاڵی بۆ ھەموو عێراق بێت.
بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی پهیوهست به ئهو بڕیارانهی له كۆنگرهكهدا دران گوتی: "لە کۆنگرەکەدا بڕیاردرا بنەماکانی شەراکەت و تەوافوق لە نێوان پێکھاتەکان ببنە زەمینەی دروستکردنەوەی دەوڵەتی تازە، ھاوکات پاراستنی مافەکانی سەرجەم نەتەوە و ئایین و مەزھەبە جیاوازەکانی وڵات لە خۆبگرن، لەو ھەلومەرجە تازەیەدا بۆ بڕیاردان لە عێراقی تازە، پێداگیری سەرۆک بارزانی لە داڕشتنی پڕۆژەی قۆناغی کاتی و نووسین و چەسپاندنی ماف و ئازادییەکانی کوردستان ڕۆڵی بەرچاو و گرنگی بینی لە دانانی خاڵ بە خاڵی داخوازییەکانی گەلی کورد.
سەرھەد غەفووری گوتیشی: "لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، بەیانی سیاسی ڕاگەیەنرا کە بریتی بوو لە ٢٢ خاڵ وەک بەرنامەی کار و بنیاتنانەوەی داھاتووی عێراق، لەم پڕۆژەیەشدا سەرۆک بارزانی پێداگیری لەسەر ماف و ئازادییەکانی کەمە نەتەوەییەکان و داکۆکیکردن لێیان و بەشداریکردنیان لە وڵاتی نوێی عێراقدا کرد.
غەفووری باس لەوەش دەکات: "دوای تەواوبوونی کۆنگرەکە، لە ١٩ی کانوونی یەکەم دا، تۆنی بلێر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێشوازیکرد لە سەرۆک بارزانی و جەلال تاڵەبانی، کۆبوونەوەکە گرینگ و مێژوویی بوو، وە یەکەمین دیداری فەرمیی بوو بۆ ھەردوو سەرکردەی کورد لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و تێیدا گفتوگۆ لەسەر داھاتووی سیاسی عێراق و دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆن کرا.
سەرھەد غەفووری ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "بۆچوون و دیدگای سەرکردایەتی کورد بۆ عێراقی دوای سەددام حوسێن گرینگ بوو بەلای تۆنی بلێر و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، وە ھۆکاری سەرەکی ئەو دیدارە بوو، سەرۆک بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا نەخشە ڕێگایەکی پێشکەشکرد بۆ دوای ڕووخاندنی ڕژێم و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشھاتەکان و پاراستنی سیستەمی دەوڵەت، وە چۆنیەتی دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی و دووبارە بنیادنانەوەی وڵات لەسەر بنەمای فیدڕاڵی و تەوافوق و شەراکەت، کە ھاوڕان لەگەڵ بەیاننامەی فەرمیی کۆتایی کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی.
سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا ھیچ گۆڕانکارییەک لە عێراقدا سەرکەوتوو نابێت ئەگەر ھاتوو ئەو بنەمایانەی سەرەوە پەیڕەو نەکرێن، هەروەها پێکھێنانی دەسەڵاتێکی ئیتیلافی دوای ڕووخانی ڕژێم و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بۆ پێکھێنانی داموو دەزگای دیموکراسی و دانانی دەستوورێکی ھەمیشەیی کە لەلایەن گەلەوە پەسەند بکرێت لەماوەیەکدا کە لە دوو ساڵ تێنەپەڕێت لە بەرواری پێکھێنانی ئیتیلاف، غەفووری وای وت.
قائید میرۆ




