٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یه‌كه‌مین ڕۆژی فێستیڤاڵی ڕامان بە ئامادەبوونى نوێنەری سەرۆک بارزانی به‌ڕێوه‌چوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە، 19ی 12ـی 2024، بە ئامادەبوونى هەڤاڵ (مەحموود محەممەد) نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ فیستڤاڵی ڕامان  و  هەریەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی( ئامینە زکری) و (هێمن هەورامی) و ، (د.سالار عوسمان) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیمان و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و  بەرپرسانی حزبی، حکوومی، ئیداری، ڕۆژنامەڤانان، شاعیران، هونەرمەندان و نووسەران، دووەمین فێستیڤاڵی ڕامان بەنێونیشانی (کولتوور و ئەدەبیات، ئێستا و ئاییندە) لە هەولێری پایتەخت بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی) ی هەمیشە لەیاد، لەگەڵ سروودی (ئەی ڕەقیب) دەستی پێ کرد.

سەرەتا (ئازاد عەبدولواحید) سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵ وتاری بەخێرهاتنی پێشکەشکرد، دواتر (د. سالار عوسمان) وتارێکی پێشکەشکرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی کاریگەری ڕامان و گوتی: بەهۆی گۆڤاری ڕامانەوە 28 ساڵە کاروانی پڕخێری وشە، پەرەگراف، ڕستە، دەق، شیعر، ئەدەبیات و لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەی کوردیی بەردەوامە، ئەمڕۆ ئێمە لە سایە و سێبەری ئەم نیعمەتە دووەمین فێستیڤاڵی ڕامان بەڕێوەدەبەین.

پاشان پەیامی پیرۆزبایی (سەرۆک بارزانی) بۆ دووەمین فێستیڤاڵی ڕامان لەلایەن (مەحموود محەممەد) خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: ڕامان بە هەوڵ و كۆششی ژمارەیەك ڕۆشنبیر و نووسەری خەمخۆری كلتوور و ئەدەبیاتی گەلەكەمان لە هەلومەرجێکی زۆر ناخۆش و پڕ لە كێشە دامەزرا و یەكەم ژمارەی بڵاوكرایەوە، ڕامان بە درێژایی ئەو ساڵانەی كە بڵاوبووەتەوە هەوڵی داوە گۆڤاری هەمووان بێت، سنوورەكان ببڕێت و بەرهەمی هەمووان بێ جیاوازی بڵاوبکاتەوە و سەكۆیەكی ئازاد بێت بۆ نووسەران تا بەرهەمە بەپێزەكانیان بگەیەننە بەر دیدی خوێنەران و خزمەتی ڕۆشنبیرانی گەلەكەیان بكەن.

هەروەها (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر، لە وتارەکەیدا، وێڕاى دەستخۆشیی لە سەرپەرشتیارانى فێستیڤاڵەکە، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندی گۆڤارەکەوە پیرۆزبایی لە سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و ستافەکەی کرد، کە توانیویانە لە ماوەی ئەو مێژووە پڕ شانازییە خزمەتێکی زۆر بە کایەی ڕۆشنبیری و ئەدەبیی کوردی بکات و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت لە پێشخستنی بزاڤی ئەدەبی و فیکری و ڕووناکبیریی کوردی.

 لە درێژەی فێستیڤاڵدا، عەتا نەهایی، ژمارەیەک زانیاری و شیکردنەوەی لەبارەی گۆڤاری (ڕامان) پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

پاشان لە چوارچێوەی بڕگەکانی فێستیڤاڵ،  دۆکیۆمێنتارییەک لەبارەی کولتوور و ئەدەبیات لەسەردەمی تەکنەلۆژیادا پێشکەشکرا، هاوکات پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بەنێوی (کوردستانەکەم) لە ئامادەکردنی (چاوان بەختیار) کرایەوە.

لە درێژەی بڕگە و چالاکییەکانی فێستیڤاڵدا، ڕێزلێنان بەخشرایە زانای بواری مێژوو، شوێنەوار، پارێزەری کەلەپووری و بیناسازی و دەستنووس و بەڵگەنامە (عەبدولرەقیب یووسف).

ئەمساڵیش شیعر بەشێکی گرنگ و سەرەکی فێستیڤاڵی ڕامان بوو، لەو ڕوانگەیەوە چوار شاعیر لە چوار نەتەوەی جیاواز (کورد، عەرەب، فارس، تورک) شیعریان خوێندەوە کە پێکهاتبوون لە شاعیران (جەلال بەرزنجی، د. پەروین  حەبیب، عەلی کاکەوەند و مریەم جۆشکونجا) بە خوێندنەوەی شیعرەکانیان جوانییەکی دیکەیان بە فێستیڤاڵ بەخشی.

هەروەها چەندین ستران و ئاواز لەلایەن تیپی ژەنیار بە سەرپەرشتیی هونەرمەند (مەسعوود یارە) پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

لە بەشی دووەمی ڕۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکەدا، دوو پانێڵی گرنگ بەڕێوەچوون کە تیایدا چەندین توێژەر و پسپۆڕ بەشدارییان کرد. پانێڵی یەکەم تایبەت بوو بە "کولتوور و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی" و، لەلایەن (د. شنۆ ئەحمەد غەفوور)  بەڕێوەبرا. لەم پانێڵەدا (د.مەسعوود بیبەندە) باسی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە ئاوێنەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیدا کرد، هەروەها (سەعید جەردۆ)، سەرۆکی بنکەی لالش لە دهۆک تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئەدەب لە پێشڤەچوونی کۆمەڵگە لە ڕووی هزری و سیاسییەوە. (هەیاس کاکەیی)یش باسی لە پێکڤەژیان و لێبووردەیی وەک ئەرکێکی نیشتمانی کرد.

پانێڵی دووەم  لەژێر نێوی "کولتوور و زیرەکیی دەستکرد" بەڕێوەچوو، بەسەرپەرشتیی (د. شادان شوکور). لەم پانێڵەدا (د. بەیان عەزیزی) باسی لە تەکنەلۆژیای سەردەم و چارەنووسی دەق و مافی نووسەر لە بەرانبەر ژیریی دەستکرد-دا کرد. (د. ئیبراهیم حەمە ڕەش) تیشکی خستە سەر نووسینی دەق لە سەردەمی ژیریی دەستکرد-دا، هەروەها (د. بەیان ئەحمەد حسێن) باسی لە کولتوور و ئەدەبیات لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا کرد. کۆتا قسەکەری پانێڵەکە (ڕامیار مەحموود) بوو کە باسی لە کولتووری دیجیتاڵ وەک پرسێکی لەناکاو کرد.

جێگەى باسە، فیستڤاڵەکە کە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، جگە لە پێشکەشکردنی چەند وتارێک لە بارەی گۆڤاری ڕامان کە گۆڤارێکی مانگانەیە و لە ساڵی 1996 یەکەمین ژمارەی دەرچووە، وابڕیارە چەندین پانێڵ لە بارەی ئەدەب و کولتوورى کورد و کۆڕی شیعر پێشکەش بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار