لە دوای نیوەڕۆوه هاتوچۆی ئۆتۆمبێل قەدەغە دهكرێ و هاتوچۆکردن بە پیادە دهبێت

ھەولێر-KDP.info- بڕیاردراوە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بەشێوەیەكی كاتی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەنێو بازاڕ و بەردەم قەڵای هەولێر قەدەغە بكرێت، واتە هاتوچۆ لەم ناوچانە تەنیا بە پیادە دەبێت.
هاتوچۆی هەولێر لە ئاگادارییەكدا رایگەیاند: "لەبەرئەوەی ڕۆژانی هەینی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتییان و گەشتیاران سەردانی سەنتەری شاری هەولێر بە تایبەتی بازاڕی شێخەڵا و پارکی نافوورەی بەردەم قەڵا دەکەن، لە شەقامدا پیادەڕۆ و ئۆتۆمبێل تێکەڵ بەیەک دەبن".
راشیگەیاند: "ئەم تێكەڵبوونە بە بەردەوامی دەبێتە هۆکاری خنکانی شەقامەکە و دروستبوونی جەنجاڵی و سیمایەکی ناشیرن بە شەقامەکانی ناو بازار دەدات".
هەروەها رایگەیاند: "بۆیە بڕیاردرا هاتوچۆکردن لە سەنتەری شار تەنها بە پیادە بێت لە کاتژمێر 1:00ی نیوەڕۆ هەتا 8:00ی ئێوارە.
هاتوچۆی هەولێر جەختیشی كردەوە كە دوای كاتژمێر 8:00ی ئێوارە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بۆ ناو سەنتەری شار ئاسایی دەبێتەوە.




