بهرنامه و پلانی پارێزگای ههولێر بۆ ڕێورهسمی كریسمس و شهوی سهری ساڵ ڕاگهیاندرا

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٤.١٢.١٩، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، سەبارەت بە ڕێورەسمی کریسمس و شەوی سەری ساڵ و ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە ڕوودانی ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو و نایاسایی، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری ھەولێر، تەواوی ھێزە ئەمنییەکانی ھەولێر (پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، پۆلیسی ھاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان)ی لە سەرجەم شوێنە گشتییەکان و ئەو جێگە و شوێنایانەی کە ھاووڵاتییان و گەشتیاران ڕووی تێدەکەن ئەرکی پێسپاردن.
پاشان پارێزگاری ھەولێر، ئەکیدی لە ڕێگریکردن لە دیاردەی دزێو و ناشارستانیەکان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بە ھیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی بکرێت لەو کەس و لایەنانەی دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی زێدەڕۆیی لە سەر موڵکی گشتیی، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم لایەنەکانی ڕاسپارد بەردەوامبن لە ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی ھەر جۆرە زێدەڕۆییەک و ھەرکەس و لایەنێکیش دەستدرێژی بکاتە سەر ئەرز و موڵکی گشتیی ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر، دووپاتیشی کردەوە پاراستنی موڵکی گشتیی ئەرکی ھەموو لایەکمانە.
ھەروەھا پارێزگاری ھەولێر، دەستخۆشی لە ھێزە ئەمنیەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوانیان و چاودێریکردن و بەدواداچوون و گرتنەبەری ڕێ و شوێن و ڕێکاری پێویست لە ھەر شوێنێک کە زێدەڕۆیی ئەنجامدرابێت.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری ھەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر و ئاسایشی بازگەکانی ھەولێری ڕاسپارد، بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێکارەکانی تایبەت بەخۆیان، لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران کە ساڵانە بەم بۆنەیەوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی تر ڕوو لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان دەکەن و ئاسانکاریان بۆ بکرێت.
لە کۆتایشدا پارێزگاری ھەولێر، دڵنیایی بە ھاووڵاتییان و ھاوشاریانی خۆشەویستی شاری ھەولێری پایتەختدا، کە بەھەموو توانایەکەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی ھێزە ئەمنیەکان، سەروماڵیان پارێزراوە و داواشی لە ھاوڵاتییان کرد وەک ھەمیشە ھاوکار و ھەماھەنگی دەزگا و دامەزراوە فەرمیەکان بن.




