ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: بڕیارەکەی پەرلەمانی سویسرا بەرزدەنرخێنین

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانی سویسرا بە کۆی دەنگ تاوانەکانی داعشی دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی بە جینۆساید ناساند.
لەمبارەیەوە لە بڵاوکراوەیەکدا د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشوازی لە دانپێدانانی مێژوویی پەرلەمانی سویسرا بە جینۆسایدی ئێزیدییەکان دەکەین کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە. ئەم بڕیارە هەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو تاوانە قێزەونانەی کە لە دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی ئەنجامدراون و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تیرۆر و زیانلێکەوتووان.
هەروەها گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵیداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ ناساندنی ئەو تاوانانەی کە تیرۆریستانی داعش ئەنجامیانداوە وەک تاوانی جینۆساید، لە دوای پێکهێنانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیتاد) لە بەدواداچوون و بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەرکەکانی تیمەکەی کرد بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و دۆکیومێنتکردنیان. بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد توانراوە زیاتر لە (42 هەزار) فایل دۆکیۆمێنت بکرێت، کە یەکسانە بە (408,540) لاپەڕە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش بە سیستەمی دیجیتاڵی.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە بەردەوامی ئەم هەماهەنگییە کرد دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی یونیتاد و وتی: بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە ٢٦٩٧ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو بەڵگەنامە و زانیارییانەی کە تیمی یونیتاد هاوبەشی کردووە و بە دوو بەش گەیەندراونەتە هەرێمی کوردستان، لە بەشی یەکەمدا (45.95) گیگابایت و دواتریش (11.9) گیگابایت لە ڕێگای نووسینگەکەمانەوە رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەو زانیاری و ماددانەی تێدان کە لەلایەن یونیتادەوە بە دیجیتاڵی کراون و یونیتاد بەدەستیهێناون لێپێچینەوەکانیان لەگەڵ تاوانبارانی داعش و هەروەها لە رێگای دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بێگومان بە بەشداری لێکۆڵەران و شارەزایانی یاسایی و پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری و شرۆڤەکاران.
شایانی باسە، ڕۆژی سێشەممە 12/17/2024، پەرلەمانی سویسرا بە کۆی دەنگ ئەو تاوانانەی داعش لە دژی کوردانی ئێزیدی بە جینۆساید ناساند. بەمەش ١٧ وڵات لە رێگای پەرلەمانەکانیانەوە دانیان بە جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا ناوە




