٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئامانج و پلانەكانیان لە ڕێگەی KDPیەوە دەخاتەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا-KDP.info- کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ٧و ٨ی دێسەمبەری ٢٠٢٤ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، دووەمین کۆنگرەی خۆی بەڕێوە برد، کە تێیدا نوێنەرانی کۆمەڵە و ناوەندەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان بەشدار بوون و سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنەکەش لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ KDP ئامانج و پلان و بەرنامەکانی کۆنفیدراسیۆنی خستە ڕوو.

دکتۆر ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا، سەبارەت بە دووەمین کۆنگرەی فیدراسیۆن و سیاسەت و پڕۆژە و ھێڵە گشتییەکانی فیدراسیۆنەکەی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: ئامانجی سەرەکیی بەستنی دووەمین کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، خۆڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەی پەیڕەو و پڕۆگرام و لۆگۆ و دەستەبەرکردنی یەکڕیزیی پێکھاتە جیاجیاکانی ڕەوەندی کوردستانی بوو لە دەرەوەی وڵات، پێویستمان بوو لە دەرەوەی وڵات لە ژێر یەک چەتری نیشتمانی و نەتەوەیی بین، کە بەستنی دووەم کۆنگرەمان لە ٧ و ٨ ی دێسەمبەری ٢٠٢٤ جێگای خۆی گرت.

سەبارەت بە ڕەوتی فراوانبوونی کۆنگرە و بازنەی بەشداریکردنی پێکھاتە جیاجیاکان، دکتۆر ئیسماعیل ئاماژەی دا: ئێمە لە یەکەم کۆنگرەدا کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە ھەولێر بەستمان، ئەو کاتە ناوەندەکانی ١٠ وڵاتی ئەورووپی و ٣ فیدراسیۆن بەشدار بوون، بەڵام لەم کۆنگرەیەدا ٢٠ فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەشدار بوون، کە چوار فیدراسیۆنیان نێودەوڵەتی بوون کە لقیان لە ھەموو وڵاتانی ئەورووپی ھەیە و جگە لەوەش، زیاتر لە ١٠٠ کۆمەڵەی کوردستانی ئەندامن لە کۆنفیدراسیۆندا و، نزیکەی ٤٠ ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی ئەندامن و ٣٠٠ ئەندام لەو وڵاتانەوە بەشدار بوون لەو کۆمەڵە و ناوەندانە لە ژێر سایەی یەک ئاڵادا کۆنگرەکەمان لە بەرلین بەست، کە پەرەپێدانی بیری نەتەوایەتی ئەولەویەتی سەرەکیی کۆنگرەکە بوو بەدوور لە ئایدۆلۆژیا و حزبایەتی، نوێنەرایەتیی ھەر چوار پارچەی کوردستان بکات.

ناوبراو ھەروەھا گوتیشی: بە خۆشحاڵییەوە نوێنەرایەتیی حیزبەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان وەک میوان کە بەشدار بوون، پەیامی پیرۆزباییان ھەبوو و دەستخۆشییان لێ کردین، هەروەها پشتیوانیی جەنابی سەرۆک بارزانی و ڕێزداران سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، پێدانی شەرعیەت و پشتیوانییەکی بەھێزە بۆ ئێمە، چونکە ھەموو دیاسپۆرای جیھانی لەگەڵ دەوڵەتی خۆیان پەیوەندییان ھەیە و سەپۆرت دەکرێن و ھەرێمی کوردستانیش کە ستاتۆیەکی یاسایی و شەرعیی ئێمەیە، بە پێویستمان زانیوە کە پەیوەندییەکی زۆر بەھێزمان لەگەڵ ئەو کیانە کوردستانییە ھەبێت و پشتیوانی دەکەین، ھەروەھا کۆنفیدراسیۆن گرنگییەکی زۆر دەدات بە زمانی کوردی، بە فەرھەنگی کوردی و تایبەتمەندییە کوردستانییەکان لە کوردستانی گەورەدا و لەم دوو ساڵەی دواییدا ئێمە لەسەر ئاستی جیھانی دیاسپۆرادا فێرکاری زمانی کوردی دەکەین کە بەشداران لە تەمەنی ٧ ساڵییەوە بۆ ٧٠ ساڵیی تێدایە.

دکتۆر ئیسماعیل دەشڵێت: ئامانجی سەرەکیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی ئەوەیە، ببێتە پاڵپشت بۆ دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان و پاراستنی ھەموو بەھا و کولتوورە جوانەکانی کوردستان و پاراستنی یەکڕیزیی نەتەوایەتی لە دیاسپۆرادا، کە بە دروشمی سەرەکی (یەکگرتن سەرکەوتنە) کۆنگرە بەڕێوە چوو و بەندە بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی بۆ ٤ ساڵی تر ھەڵبژێردرامەوە، کە ئامانجی سەرەکیم ئەوەیە بتوانم لەو ڕێگا پیرۆزەدا کە کوردایەتییە، خزمەتی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان بکەم بە ھاوکاریی ھەموو لایەک کە جێگای فەخر و شانازییە بۆ من و ھیوادارین بە ھاوکاریی ھەمەلایەنە بتوانین دۆستی زیاتر لە وڵاتانی جیھاندا بۆ پرسی گەلەکەمان زیاتر بکەین.

 

سەلاح جەلال

 

هەواڵی پەیوەندیدار