٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"١٣یەمین پەرلەمانی جیھان دانی بە جینۆسایدی ئێزدیەكان دانا"

سەرچاوە: KDP.info

نەمسا-KDP.info- سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید ڕایدەگەیەنێت، دوای بڕیاری پەرلەمانی سویسرا، ئەمە دەبێتە ١٣یەمین وڵات دان بە تاوانی جینۆسایدی ئێزدیەكان لە لایەن داعشەوە دەنێت، ئەمەش دەبێتە ھەنگاوێکی گرنگ، بۆ ئەوەی لە دادگایەکی نێودەوڵەتی، دادگایی ئەو داعشانە بکرێت، کە تاوانیان لە عێراق و سووریا ئەنجام داوە.

حەسۆ ھورمی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوێنێ پەرلەمانی سویسرا بڕیاری دا بە بەجینۆسایدناساندنی تاوانی داعش دژی ئێزدیەكان، کە ١٠٥ پەرلەمانتار بە بەڵێ و ٦١ پەرلەمانتار بە نەخێر دەنگیان دا و ٢٧ پەرلەمانتاریش ئامادە نەبوون، ئەمە بووە ١٣یەمین پەرلەمانی وڵاتانی جیھان ئەو تاوانەیان بە جینۆساید ناساند، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە و لە خزمەت کەیسی تاوانی داعش دژی ئێزدیەكانە.

ھورمی گوتیشی: ئەو بڕیارانە زۆر باشن و وڵاتەکانیان ناچار دەکەن داعشەکان دادگایی بکەن و سزا بدرێن، هەروەها  فشارێک دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگا خۆش بێت دادگایەکی نێودەوڵەتی دروست بکرێت و لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و لۆبیکردنیش ئەوە ھەنگاوێکی باشە و پێویستە بڕیارێک بدرێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان دادگایەک دروست بکرێت تایبەت بە تاوانەکانی داعش، یاخود تاوانەکانی داعش لە عێراق و سووریا بگوازرێتەوە بۆ  دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە ئەمەش یەکێکی دیکە دەبێت لە بڕیارەکان و لە خزمەت کوردانی ئێزدیدایە.

دەشڵێ: ئێمە پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین و داواکارین وڵاتانی دیکەش بە ھەمان شێوە بڕیار بدەن.

ئەو وڵاتانەی دانیان بە جیۆسایدی کوردانی ئێزدیدا ناوە، بریتین لە:

- ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠١٤/٩/١.

- کۆمسیۆنی سامیەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٧ /٢٠١٥/٣.

- ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا لە ١٥/ ٣ /٢٠١٦.

- پەرلەمانی ئەم وڵاتانە: بەریتانیا لە٢٠ /٤/ ٢٠١٦ و فەڕەنسا لە ٢٦/٥/٢٠١٦ و کەنەدا لە ١٧/٦/٢٠١٦ و سکوتلەندا لە ٢٣/٣/ ٢٠١٧ و ئەرمینیا لە ١٧/١/٢٠١٨ و ئوستورالیا لە ٢٦/١/٢٠١٨ و ھەرێمی کوردستان لە ٣/٨/٢٠١٩ و پورتوگال لە ٢٩/١١/٢٠١٩. عێراقیش لە ١/٣/٢٠٢١ یاسای ڕزگاربووانی دەرکردووە، ھەروەھا ھۆڵەندا لە ٦/٧/  ٢٠٢١ و بەلجیکیا لە ١٥/٧/٢٠٢١ و لۆکسمبۆرگ لە ١٥/٧/٢٠٢١ و ئەڵمانیا لە ١٩/١/ ٢٠٢٣ وپەرلەمانی سویسرا لە ١٧/١٢/٢٠٢٤ ئەویش  دانی بە بەجینۆسایدناساندنی  کوردانی ئێزدیدا ناوە.

- ئەنجوومەنی ئاسایش لە١٠/٥/ ٢٠٢١.

- لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سووریا لە ١٥/ ٣/ ٢٠١٦.

- ڕابیتەی زانایانی نێودەوڵەتیی جینۆساید لە١٦/ ٦/ ٢٠١٦.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار