ئەبوبەکر کاروانی بۆ KDP: پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت

ھەولێر -KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت، پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی تازەی ھەرێمی کوردستان، چونکە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و بەشەکانی کوردستان لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەن، پێویستە ناوماڵی خۆمان و حکوومەتەکەمان و وڵاتەکەمان ڕێکخەینەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە".
ئەبوبەکر کاروانی، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پێویستە پەلە لە پێکھێنانی کابینەی ١٠یەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و بەشەکانی کوردستان لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەن و دۆخەکەش لە ئێمە دەخوازێت ناوماڵی خۆمان و حکوومەتەکەمان و وڵاتەکەمان ڕێکخەینەوە و باسی پرسە گەورەکان بکەین و تێگەیشتنی ھاوبەش و پڕۆژە و نەخشەڕێگای ھاوبەشمان ھەبێت، بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ھەڕەشە و دەرفەتانەی دێنە بەردەممان، بۆیە زۆر گرینگە بەزووترین کات حکوومەتێکی تازە پێکبێت و جیاواز بێت و کوردستان و ھەرێمی کوردستان بخاتە قۆناغێکی نوێوە، بەتایبەت لە کۆتاییھێنان بە زۆنە حزبییەکان و ھێزەکانی پێشمەرگەی جیاواز و کوردستان بخاتە بەردەم قۆناغ و ئەرکێکی نوێوە، بۆیە چەند زوو حکوومەتی تازە پێکبێت، بەجۆرێکیش بێت لە ئاست ئەرکەکانی ئەم قۆناغە و لە ئاستی ھەرێم و بەشەکانی کوردستان و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بێت".
کاروانی گوتیشی، "ئەگەر ئێمە لە چوارچێوەی ھەمان دۆخی ئیداری و سیاسی و دابەشکاری ھەرێمی کوردستان حکوومەت پێکبێنین لە بازنەیەکی داخراو دەسوڕێینەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین سەرەتای قۆناغێکی تازە دەستی پێکردووە و عەقڵیەتمان جیاوازە و لە ئاستی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەین، پێویستە بچینە پاش ئەم قۆناغە و لە ماوەیەکی دیاریکراو کۆتایی بەم قۆناغە بێنین و ئەرکی سەرەکی حکوومەت تێپەڕاندنی ئەم دۆخانە بێت".
ئەو سیاسەتمەدارە دەشڵێ، "پێکھێنانی کابینەی ١٠یەم پێویستە بە دوو پێوەر بێت، مادام ئێمە ناکۆکیمان ھەیە، جیاوازیمان ھەیە و ئەرکی ھاوبەشی تەواونەکراومان ھەیە، پێویستە ھەردوو پێوەری تەوافق و بەرکەوتەی نیشتمانی و کورسی و دەنگ تێکەڵ بکرێت، بۆ ئەوەی شتێکی تۆکمە و ھاوبەش دروست بکرێت".
ڕۆژی سێشەممە سەرۆک بارزانی لە چوارچێوەی پێشوازیکردن لە باڵیۆزی نوێی چیک لە عێراق، پەیوەست بە پرۆسەی سیاسیی ھەرێم سەرۆک بارزانی ھیوای خواست گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەرئەنجامی ئیجابی ھەبێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ئەویش بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردنی لایەنەکان.
بڵند ئیبراهیم




