٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سروە ڕەسووڵ لە ڕێگەی KDPیەوە ڕەوشی ژیانی ٧٠٠ ھەزار ئاوارەی ھەرێم دەخاتەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە ھۆی فشاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەست بە دابەشکردنی سووتەمەنی بەسەر ئاوارەکاندا کراوە و سەبەتەی خۆراکیان پێدەدرێت. دەشڵێ، بەڵێن دراوە خێمەکانیشیان بۆ بگۆڕن، چونکە حکوومەتی عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش وەکو پێویست ھاوکارییان ناکەن و ئەرکی گەورەی ھاوکارییەکان لە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.

پەیوەست بە هاوكاری حکوومەتی عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەو وەرزی سەرمایەدا بۆ ئاوارەکانی هەرێمی كوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەکان، سروە رەسووڵ، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی: "ھاوکاریی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاوارەکان زۆر کەم بووەتەوە و بە فشاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانراوە رەزامەندی بدرێت وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران نەوتی سپی بۆ ئاوارەکان دابین بکات و ئێستا کە لەناو وەرزی زستانداین، تازە لە دھۆک دابەشکردنی نەوت دەستی پێکردووە و لە شارەکانی دیکە ھێشتا دەستی پێنەکردووە، ھەر بە فشاری حکوومەتی ھەرێمیش سەبەتەی خۆراکیشیان پێدەدرێت، کە ئەمساڵ ھەمووی چوار جار سەبەتەی خۆراکیان پێدراوە و خێمەکانیشیان کۆن بوونە و پێویستیان بە گۆڕانکاری ھەیە، ئەویشمان لەگەڵ باس کردوون و رەزامەندییان داوە بیانگۆڕن.

ڕەسووڵ گوتیشی: ئەوانە ھاووڵاتیی عێراقین و پێویستە و ئەرکی حکوومەتی عێراقە ھاوکاریان بێت و خزمەتیان بکات، بۆیە ئێمە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ھاوکاری بکرێن و خزمەتی ئاوارەکان بکرێت.

بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان دەشڵێ: "لە ئێستادا زیاتر لە ٧٠٠ ھەزار ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان ھەن و ئەرکی قورسی ھاوکاریکردنیان زیاتر لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ھەمووان ھاوکارییان دەکات و دوێنێش لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کۆبوونەوەمان لەبارەی ھاوکاریکردنی ئاوارەکان کرد و بە فشاری ئێمە رەزامەندییان داوە، کە سووتەمەنی و سەبەتەی خۆراکیان بۆ دابین بکەن و خێمەکانیان بگۆڕن، چونکە لە وەرزی زستانداین و ئاوارەکان پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە.

ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت تاوەکو ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان بن، بەردەوام ھاوکار و پاڵپشتیان بێت و ھەمیشەش بەو شێوەیە بووە، بەڵام بەداخەوە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەکو پێویست ھاوکار نین و ئێمە بەردەوام فشاریان لێ دەکەین بۆ ئەوەی ھاوکارییان بکرێت، چونکە زۆرینەی ئاوارەکان لە ئێستادا ناتوانن بگەڕێنەوە و ماڵوحاڵیان نەماوە، بۆیە ئەگەر لە شوێنی خۆشیان بوونایە، مانگانە بەشەخۆراکیان پێدەدرا و پسوولەی خۆراکیان ھەیە و ھاووڵاتیی عێراقین، بۆیە پێویستە و ئەرکی حکوومەتی عێراقە ھاوکارییان بکات.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار