سەرۆکی حکوومەت: پێویستە لەپێناو پاراستنی نیشتمان یەک هەڵوێست بین

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ناوچەکەمان بە گۆڕانکاریی خێرا تێدەپەڕێت بۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسیەکان، جیاوازیەکانیان بخەنە لایەک و لە پێناو پاراستنی نیشتمان یەک هەڵوێست بین و حکوومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز دروست بکەین.
ئەمڕۆ سێشەممە 12/17، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قەڵای هەولێر، ڕێورەسمێکی تایبەت بە ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوە چوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون، سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا پیرۆزبایی ڕۆژی ئاڵای کوردستانی لە خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان کرد. دووپاتیشی کردەوە کە ئاڵای کوردستان، سیمبولی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان و هێمای یەکگرتووییمانە. بۆیە پێویستە هەموو کوردستانییەک ئەم ئاڵایە بەرز ڕابگرێت.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا ناوچەکەمان بە گۆڕانکاریی خێرا تێدەپەڕێت و ڕووداوی هەستیار ڕوو دەدەن، بۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان، جیاوازییەکانیان بخەنە لایەک و لەپێناو پاراستنی نیشتمان، یەک هەڵوێست بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، هەروەها پێویستە حکوومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز دروست بکرێت، بۆ ئەوەی ئامادەبین ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکان ببینەوە و بەردەوام بین لە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد کە سەرەڕای ئەو هەموو فشار و ناخۆشییانەی لە ماوەی ڕابردوو بەسەریاندا هاتووە، بەڵام خۆڕاگرانە وەستان، بە تایبەتی کە فشاری نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، وایکرد ڕووبەڕووی دۆخێکی ناهەموار ببنەوە بەڵام هەر خۆڕاگربوون، بۆیە سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم، هەروەها دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم کە هەمیشە ئامادە بوون بۆ بەرگری لە خاک و وڵاتەکەمان خۆیان بەخت بکەن و لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریدان.




