مونا یاقو بۆ KDP: پێشێلکردنی مافى دارایی خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتى بەغدا

هەولێر-KDP.info- سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤى هەرێمى کوردستان دەڵێ، ڕایەکى باش لەلایەن کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیەوە لەسەر کوردستان هەیە و مافى مەدەنى و سیاسیش لە کوردستان لە ئاستێکى بەرزدایە كە ئەوەش ڕووی جوانى کوردستان نیشان دەدات دەشڵێ، هیچ کەسیش لەسەر بیروڕاى ئایینى و سیاسى و هتد... زیندانى ناکرێت.
پەیوەست بە مافە مەدەنى و سیاسیەكانی هاووڵاتیان لە هەرێمى کوردستان، ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستان، قسەى لەگەڵ د. مونا یاقو، سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤى هەرێمى کوردستان کرد، ناوبراو ڕاگەیاند: مافى مرۆڤ لە جیهاندا جیاوازە، مافى مەدەنى و سیاسى لە لایەک و مافى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى لەلایەکى تردایە. هەروەها گوتى، ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ مافى مرۆڤ لە کوردستان بکەین، نموونە باسى ڕووە مەدەنى و سیاسییەکەی دەکەین، یاسای زۆر باشمان هەیە و زۆربەى یاساکانیش پێشکەوتوون، هەرچەندە وەک دەستە ڕەخنەمان هەیە لە هەندێک ماددە لە یاساکان، ئەوەش دەکرێ لە پەرلەمان هەموار بکرێنەوە.
د. مونا یاقو گوتیشی: یاسای باش هەیە و تاک بە ئاسانى دەستى بە میدیا دەگات و بە ئازادى ڕاى خۆى دەردەبڕێت. ئاماژەى بەوەش کرد، یاساکان بە باشى جێبەجێ دەکرێن و تاک دەتوانێت بە ئازادى لە میدیا ڕاى خۆى بڵێت، مافى مەدەنى و سیاسى لە ئاستێکى بەرزدایە و ئاسانکارى کراوە بۆ دەستگەیشتن بە سۆشیالمیدیا و ئینتەرنێت، ئەوەش واى کردووە تاک ئازاد بێت بیروڕاى خۆى دەرببڕێت.
سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤى هەرێمى کوردستان ئاماژەشی دا: پێشێلکردنی مافى دارایی خەڵکى کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەى ئێستا لە بەغداوە لە بەرامبەر هەرێمى کوردستان جێبەجێ دەکرێت، گوتیشی: مافى کۆمەڵایەتى هیچ کێشەیەکی نییە و کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوومان هەیە، ڕایەکى باش لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەیە لەسەر کوردستان، تەنیا ئەوەى هەیە، دواکەوتنى مووچە بووەتە هۆى ئەوەی مافى هاووڵاتى وەک خۆى نەدرێت و بە هیواى ئەوەین ئەو کێشەیەش چارەسەر بکرێت.
مونا یاقو دەڵێ: کوردستان بەوە ناسراوە، پێکەوەژیانى باش لە نێوان نەتەوە و ئایینەکاندا هەیە، کاریش دەکەین پێکەوەژیان باشتر بکەین، لەسەر ئاستى سەرکردایەتى مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکان زۆر باشە، بەڵام لەسەر ئاستى گشتى دەبینین جاروبار ڕووبەڕووى وتارى توند و ڕقاوى دەبینەوە، دەبێت سەنتەرێک هەبێت وتارى توندئاژۆ تێیدا چاودێرى بکرێت و چارەسەر بکرێت، تاکو هیچ نەتەوە و ئایینێک هەست بە پێشێلکردنى مافى خۆى نەکات.
ناوبراو ئەوەش دەخاتە ڕوو، مافى خوێندن بە زمانى دایک، لە ساڵى ١٩٩٢ بۆ سریان و تورکمان فەراهەم کراوە، قوتابخانەیان بۆ کراوەتەوە و ئێمەش کۆمەڵگایەکى دیموکراسین و مافى زۆر بەی کەمینە ئایینى و نەتەوەییەکان دراوە.
لە هەرێمی کوردستان هیچ زیندانییەکى نهێنى بوونی نییە و هیچ کەسیش لەسەر بیروباوەڕى سیاسى و ڕاى ئازاد زیندانى نەکراوە، لەو بارەیەشەوە گوتى: لە هەرێمى کوردستان هیچ زیندانییەکی نهێنى بوونى نییە، لە سەرتاسەرى کوردستاندا سەردانى زیندانەکان دەکەین، دەرگاى زیندانەکان کراوەیە و هیچ کات ڕێگرى نەکراوە نەهێڵن سەردانى ناو زیندانەکان بکەین، سەردانى زیندانیکراوانمان کردووە و ڕاپۆرتى خۆمان نووسیوە.
"ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام کۆمێنتى باشیان لەسەر پێکەوەژیان لە کوردستان هەبووە، زیاتر لەسەر کەمیینە ئایینییەکان پرسیار دەکەن، هاتوونەتە دەستە و کۆمێنتى باشیان هەبووە". مونا یاقو واى گوت.
دەشڵێ: دۆخى دەستەى مافى مرۆڤ زۆر باشە و پێوەندیى حکوومەت لەگەڵمان زۆر لە ئاستێکی باشدایە و هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکات، سەربارى ئەوەى لە ڕووى داراییەوە سەر بە وەزارەتى دارایین، بەڵام نەبووەتە هۆى ئەوەى بە ئازادیى خۆمان کار نەکەین و ئازادین لە کارەکانمان.
عەزیز ڕەسووڵ




