سەفین دزەیی: پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و قەتەر زۆر بەھێزن

ههولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و قەتەر زۆر بەھێزن، ھەروەھا سیاسەتی ھەرێمەکەمان بە ڕووی دنیای دەرەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەوتر لەگەڵ وڵاتان کراوەیە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئاھەنگی ڕۆژی نیشتیمانیی قەتەردا، گوتارێکی پێشکەش کرد و وێرای پیرۆزباییکردنی لە ھاووڵاتییان و حکوومەتی قەتەر، ئاماژەی بەوە دا، "قەتەر وڵاتێکی زۆر پێشکەوتووە و ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ئەمڕۆ بەشێکین لەم یادە".
ناوبراو ڕایگەیاند: ھەرێمی کوردستان سیاسەتەکەی کراوەیە بە ڕووی دنیای دەرەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەوتر لەگەڵ وڵاتان.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و قەتەر زۆر بەھێزن.
ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە نێویاندا لەگەڵ قەتەردا ھەیە، ھەرێمەکە لە ماوەکانی رابردوو چەندین جار ڕایگەیاندووە، کە دەیانەوێت وەبەرھێنەرانی قەتەریی بھێننە ھەرێمی کوردستان و تا کاری وەبەرھێنان بکەن.
ھەرێمی کوردستان ئامانجییەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر بەرەوپێش ببات، لە پێشوودا چەندین جار سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم سەردانی قەتەریان کردووە و، لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە لەبارەی بارودۆخی کوردستان، عێراق و کۆی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردووە.





