٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد شوکری ناوەرۆكی کۆنفرانسی ئەنجومەنی بازرگانی بەریتانی-عێراقی بۆ KDP دەخاتەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجوومەنی کاری بازرگانی بەریتانی ـ عێراقی پشتگیری بازرگانان دەکات، پشتگیری کاری ھاوبەش لە بواری وەبەرھێنان دەکات، پشتگیری لە وەبەرھێنان لە بەریتانیا بۆ ھەرێم و عێڕاقیش دەکات، بۆیە ئەو کۆنفرانسە کە دوو ڕۆژی خایاند زۆر گرینگ بوو بۆ ھەرێمی کوردستان". 

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجوومەنی کاری بازرگانی "بەریتانی ـ عێراقی" لە ئیمارات کرد کە ساڵانە جارێک لە دوبەی و جارێکیش لە لەندەن دەکرێت، شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بازرگان وەبەرھێنەری  ھەرێمی کوردستان بەشدارییان لەو کۆنفرانسە کرد، ئێمە ٧٥ ئەنداممان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە وەکو بازرگانی کارا، کۆنفرانسی ئەمساڵ لەبارەی ئیجیوکەیشن بوو، بەشێکی زۆری خوێندنی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان چ  وەکو زانکۆی بەریتانی یاخود قوتابخانە ھەن، ئەو کۆنفرانسە پشتگیری بازرگانان دەکات، پشتگیری کاری ھاوبەش لە بواری وەبەرھێنان دەکات، پشتگیری لە وەبەرھێنان لە بەریتانیا بۆ ھەرێم و عێڕاقیش دەکات، بۆیە ئەو کۆنفرانسە کە دوو ڕۆژی خایاند زۆر گرینگ بوو بۆ ھەرێمی کوردستان". 

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی، "لەو کۆنفرانسە وتارێکمان پێشکەش کرد و تێیدا تیشکمان خستە سەر کەرتی وەبەرھێنان و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستان، کە ٨٦ قوتابخانەی نێودەوڵەتی و بیانی ھەن خزمەت بە ٣٠ھەزار قوتابی دەکەن، ئەم قوتابخانانە ئاستی بەرزی خوێندنی جیھانی پێشکەش بە قوتابیان دەکەن". 

شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، گوھدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و فەلاح حەسەن سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومیەکان بەشداری لە کۆنفرانسی ئەنجومەنی بازرگانی (عێراقی _ بەریتانی) کرد. 

کـۆنـفـرانـسـی ئـەنـجـوومـەنـی بـازرگـانـی (عـێـراقی _ بـەریـتـانـی)  سـاڵانـە لـەم کـاتـە جارێک لە لەندەن و جارێکیش لە دوبـەی بـە بـەشـداری وەبـەرھـێـنـەر، بـزنـسـمـانـان، وەزیـر و بـەرپـرسـانـی ھـەرێـمـی کـوردسـتـان، عـێـراقـی، بـەریـتـانـی و ئـاسـیـایـی بـەڕێـوە دەچـێـت. 

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار