شاره‌زایه‌كی كشتوكاڵ زۆرشت لە بارەی زێڕی سه‌وزەوە بۆ KDP دەخاتەڕوو

هەولێر-KDP.info- شاره‌زایه‌كی كه‌رتی كشتوكاڵ پێی وایه، هه‌رێمی كوردستان خاكێكی گونجاوی هه‌یه بۆ چاندنی نه‌مامی زه‌یتوون و ده‌شڵێ، نزیكه‌ی چوار ملیۆن نه‌مامی زه‌یتوون له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ن.
ساڵانی ڕابردوو جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان په‌نایا بۆ دروست كردنی باخی زه‌یتوون برد، له ئێستاشدا ژماره‌یه‌ك باخی زه‌یتوون له‌هه‌ر چوار پارێزگای هه‌رێمی كوردستان هه‌ن.
لەو بارەیەشەوە حوسێن حه‌مه كه‌ریم، شاره‌زای كه‌رتی كشتوكاڵ، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كه له‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه ده‌وروبه‌ری ده‌ریای سپی ناوه‌راست، باشترین ناوچه‌ش بۆ چاندنی زه‌یتوون ئه‌و ناوچه‌یه‌یه كه كوردستانیش ده‌گرێته‌وه، داری زه‌یتوون به‌رگه‌ی سه‌رما و گه‌رما ده‌گرێت و تا حه‌وت پله‌ی ژێر سفر ده‌توانێت بژیت، جگه له ناوچه زۆر سارده‌كان هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گونجاون بۆ چاندنی زه‌یتوون، هه‌روه‌ها دار زه‌یتوون له هه‌موو خاكێك ده‌چێندرێت و ته‌نیا له‌و خاكه‌ی ئاستی ئاو زۆر به‌رزه، له ساڵی 2007یش به‌دواوه كه ئێمه ئه‌وكات له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بووین ده‌ست به چاندنی زه‌یتوون كرا‌و ژماره‌یه‌كی زۆری جووتیار كێڵگه‌ی زه‌یتوونیان دامه‌زراند ئێستا گه‌یشتوونه‌ته به‌رهه‌م، چه‌ند نه‌مامگه‌یه‌كیش ته‌رخان كران بۆ به‌رهه‌م هێنانی نه‌مامی زه‌یتوون، به‌شێكی زۆری ئه‌و باخانه هاتوونه‌تە به‌ر و به‌رهه‌می زه‌یتوونیان هه‌یه.
حوسێن حه‌مه كه‌ریم، كە پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پلاندانان بووه له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌شڵێت: "هیچ ئامارێكی فه‌رمیی له‌به‌رده‌ست نیه له‌باره‌ی ژماره‌ی دار زه‌یتوونه‌كان، به‌ڵام خۆم پێشبینی ده‌كه‌م سێ هه‌تا چوار ملیۆن نه‌مامی زه‌یتوون هه‌بێت له‌هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ویش سی هه‌تا چل هه‌زار دۆنم زه‌وی ده‌كات داچێندراوه به زه‌یتوون.
ناوبراو زیاتر گوتی: "زه‌یتوون دارێكی هه‌میشه سه‌وزه و به‌رگه‌ی زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌كان ده‌گرێت و ته‌مه‌نێكی درێژی هه‌یه و له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كانی كه‌ش و هه‌واش ده‌گونجێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش زۆر گونجاوه بۆ كوردستان، به‌رهه‌مێكی ته‌ندروستی هه‌یه و به زێڕی سه‌وز ناسراوە، هه‌م به‌رهه‌مه‌كه وه‌ك زه‌یتوون سوودی هه‌یه و به‌كاردێت دروستكردنی زه‌یت، كه زه‌یتی زه‌یتوون باشترین جۆری زه‌یته بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ، له‌ڕووی به‌های خۆراكیه‌وه رۆشنبیریه‌كی زۆر له‌لای هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان په‌یدابووه، ئه‌وه‌یش وایكردووه خه‌ڵكی ئێمه گرینگی به زه‌یتوون بده‌ن، ساڵانه رێژه‌یه‌كی زۆری زه‌یتی زه‌یتوون له وڵاتانی ده‌ره‌وه هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌و شێوازه به‌رهه‌م هێنانی زه‌یتوون به‌رده‌وام بێت و حكوومه‌ت پشتیوانی جووتیاران بكات له ئاینده‌یه‌كی مامناوه‌ند ده‌گه‌ینه قۆناغی خۆبژێوی و ده‌توانین هاورده‌ی بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ش بكه‌ین و ببێته داهاتێكی نه‌ته‌وه‌یی.
حوسێن حه‌مه كه‌ریم گوتیشی: "زه‌یتوون هه‌ندێ ساڵ به‌رهه‌می زۆر باشه و هه‌ندێ ساڵ كه‌متر ده‌بێته‌وه، تا ساڵی 2022 كه به‌نده له وه‌زاره‌ت بووم، له باشترین حاڵه‌تدا چوار هه‌زار تۆن زه‌یتوون براوه‌ته ئاش بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته زه‌یت و نزیكه‌ی 500 ته‌ن زه‌یتی لێ به‌رهه‌م هاتووه، ئه‌مه ته‌نیا براوه بۆ كارگه‌كان جگه له‌و زه‌یتوونانه‌ی بۆسه‌ر مێز و بابه‌تی دیكه به‌كار هاتوون و براونه‌ته بازاڕ و عه‌لوه‌كان، حه‌وت كارگه‌ی زه‌یتی زه‌یتوون له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و جگه له یه‌ك كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتی زه‌یتوون هه‌ن شه‌ش كارگه‌ی دیكه‌ی كه‌رتی تایبه‌تن و زه‌یتی زه‌یتوون به‌رهه‌م دێنن و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش هاوكاریان ده‌كات.
قائید میرۆ




