یەکێتی زانایان بۆ KDP: ماددهی هۆشبهر مهترسی بۆ سەر كۆمهڵگه دروستكردووه

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، بڵاوبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگە، دەشڵێ، بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر ئەرکی ھەموو لایەکە بەشداربین لە بەرەنگاربوونەوەی.
دوێنێ ھەینی مامۆستایانی ئایینی لە پارێزگای دھۆک بەشێکی سەرەکی گوتاری ڕۆژی ھەینییان تەرخان کردبوو بە مەترسییەکانی ماددەی ھۆشبەر، مامۆستایانی ئایینی دھۆک ئاماژەیان بە مەترسییەکانی ماددەی ھۆشبەر لەسەر تاکو کۆمەڵگە کرد و لێکەوتە و زیانەکانی ماددەی ھۆشبەریان بۆ ئامادەبووانی نوێژی ھەینی ڕوون کردەوە.
لەمبارەشەوە، د.عەبدوڵڵا سەعید، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماددەی ھۆشبەر مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێمە دروستکردووە، ئەرکی ھەموو لایەکە بەشداربین لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر، ئەرکی مامۆستایانی ئاینییە خەڵک ھۆشیار بکەنەوە لە مەترسییەکانی، لەو چوارچێوەیەشدا مامۆستایانی ئایینی ھەمیشە لە ڕیزی پێشەوە بوونە".
سەرۆکی یەکێتی زانایان پێی وایە، ھۆشیارکردنەوە بەتەنیا بەس نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەرو دەڵێت: "لەوانەیە پێویستمان بە دەرکردنی بڕیاری سیاسی و یاسایی ھەیە، تا ڕێ لە بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر بگرین، بەداخەوە لەسەر حیسابی خەڵکی ھەژار بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر خۆیان دەوڵەمەند دەکەن و ماڵی خەڵکی وێران دەکەن".
د.عەبدوڵڵا سەعید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بووەتە کارەسات، بۆیە لەھەر کۆمەڵگەیەک ماددەی ھۆشبەر بڵاوببێتەوە ئەوا کۆمەڵگە و خێزان ھەڵدەوەشێنێتەوە، هاوکات ئەو وڵاتانەی ماددەی ھۆشبەریان تێدا بەربڵاوە تووشی کارەسات بوونە".
ساڵانە لەڕێگەی بەشی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەست بەسەر ڕێژەیەکی بەرچاوی ماددەی ھۆشبەردا دەگیرێت و تۆمەتبارانیش لەڕێگەی یاسا بەرکارەکان ڕەوانەی دادگا دەکرێن، بەگوێرەی ئاماری ئاسایش لە ساڵانی ڕابردوو بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر زیادی کردووە.
قائید میرۆ




