٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێش کۆتایی ئەمساڵ نەوتی سپی دەگاتە ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ھەموو رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان تەواو بوون و تەنیا ماوە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر نرخەکە بدات. دەشڵێ، پێش کۆتایی ئەمساڵ نەوت رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێ و بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت.

دکتۆر سەباح سوبحی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: دوای رێککەوتن بۆ ناردنی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوت لە عێراقەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئێمە بە وردی بەدواداچوونمان بۆ کردووە و ھەموو رەزامەندییە پێویستەکان تەواو بوون لە وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا نرخەکە ماوە جێگیر بکرێت، کە ھەوڵمان داوە وەکو پارساڵ بێت و نرخی یەک لیتر ٢٥٠ دینار بێت.

سوبحی گوتیشی: ناردنی نەوت، پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران ھەیە و ھەفتەی داھاتوو ئەویش تەواو دەبێت و دەست بە ناردنی نەوتەکە دەکرێت، چونکە وەزیری نەوت رەزامەندی داوە و باسی لەوەش کردووە، کە ئەوان لارییان نییە لە ناردنی ئەو بڕە نەوتە بۆ ھەرێمی کوردستان و نەوتیش ئامادەیە.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: تەنیا ئەوە ماوە رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی نرخەکەوە بدرێت، کە پێش کۆتایی ئەمساڵ دەست بە ناردنی دەکرێت، چونکە تەنکەرەکان ئامادە دەکرێن و رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن، لە ھەرێمی کوردستانیش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ پارێزگارەکان رێککەوتوون چۆن دابەش بکرێت و خۆیان خشتەیەکیان داناوە و بەپێی خشتەکە نەوتەکە بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دەدات ئەگەر لە شوێنێک نەوت کەمی کرد، ئەوان پڕی بکەنەوە، بۆیە ھەموو رێکارەکانی ناردنی نەوتەکە تەواو بووە و ھەوڵ دەدەین پێش کۆتایی ساڵ بگاتە ھەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار