"ئەمڕۆ سەرژمێری کۆتایی دێت و ساڵی داھاتووش ئەنجامەکان ڕادهگەیەندرێن"

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ کۆتایی بە پرۆسەی سەرژمێری دێت و لە ھەرێمی کوردستانیش رێژەی بەشداربووان گەیشتووەتە ٩٩.٥%، کە بڕیارە تاوەکو ١٥/٢ی ساڵی داھاتوو ئەنجامەکان رابگەیەندرێن.
مەحموود عوسمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمشەو ئەگەر ھیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نەدات، کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەو کۆتایی بە پرۆسەی سەرژمێری دێت، کە ئەو پرۆسەیە لە ھەرێمی کوردستان زۆر باش بەڕێوە چووە و بەپێی بەرنامە و نەخشە رۆیشتووین و لە ھەموو بوارەکاندا کارمان کردووە، تا ھیچ شوێنێک بەجێ نەمێنێت و کۆسەنتەرمان دانابوو، بۆ ئەوەی ئەوانەی سەرژمێری نەکراون یاخود ھەر گرفتێکیان ھەیە، پەیوەندی بکەن.
عوسمان گوتیشی: لە دەستەی ئامار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پارێزگاکان، وەڵامی ھەموو کەسێک دراوەتەوە و ھەر داواکارییەکیان ھەبووبێت، لە رێگەی تیمەکانەوە بۆیان جێبەجێ کراوە بەپێی رێنماییەکان و حاڵەتەکانی ھاتوو، بۆیە ھیچ شوێنک بەجێ نەماوە و کارەکان زۆر بە رێکوپێکی ئەنجام دراون و پرۆسەکە سەرکەوتووانە بەڕێوە چووە، کە ٣٧ ساڵە سەرژمێری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان نەکراوە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: رێژەی سەرژمێریکردن لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٩٩.٥%ی و ئەو ٠.٥%ی کە ماوە، دامانناوە پێداچوونەوە بە ھەموو حاڵەتەکاندا بکەین و ئەگەر حاڵەتێک مابێت، چارەسەر بکرێت، بەڵام ھیچ شوێنێک نەماوە سەرژمێری نەکرابێت، بۆیە دوای ئەو قۆناغە لەسەر ئەنجامەکان کار دەکرێت و شیکاری بۆ رێکخستنەوەی ھەموو پرۆسەکە دەکرێت، کە بڕیارە تا ١٥/٢/٢٠٢٥ ھەموو ئەنجامەکان تەواو بن و رابگەیەندرێن.
بڵند ئیبراھیم




