سەرۆکی پارتێکی تورکمان: خهڵك دهنگی به پارتی دا، چونكه زیاتر خهڵك لهگهڵ پارتییە

ھەولێر-KDP.info- سەرکردەیەکی تورکمان پێی وایە، سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردنی ئۆکتۆبەر کاریگەری لەسەر پێکەوەژیانی پێکھاتەکان دەبێت، دەشڵێ: چاومان لە ھەوڵی سەرۆک بارزانییە بۆ گێڕانەوەی کورسی کۆتا.
بڵند عوزێری، سەرۆکی پارتی ڕزگاری نەتەوەیی تورکمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھیچ پێکھاتەیەک خۆی بەدوور ناگرێت لەو گۆڕانکارییانەی لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە ڕوودەدەن، دیارە دوای ھەڵبژاردن حکوومەتی نوێ پێکدێت، ئێمەش وەک گەلی تورکمان و نەتەوەی دووەم بەشدارین لە پرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان، پێکھاتەی تورکمانیش زیاتر چاوی لە پارتییە وەک ھێزی سەرەکی و گەورەی کوردستان، لەدوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی بەدەستیھێناوە لە ھەڵبژاردن زیاتر سەقامگیری بۆ پێکھاتەکان بەرقەرار بکات.
سەرۆکی پارتی ڕزگاری نەتەوەیی تورکمان دەڵێت: ئێمە گەلێکین لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان ئازادین و مومارەسەی ژیانی سیاسی و گشتی خۆمان دەکەین، ھەندێ لایەن دژی میللەتی تورکمان و پێکھاتەکان وەستانەوە، بەڵام بینیمان لە ھەڵبژاردن خەڵک دەنگی بە پارتی دا، چونکە زیاتر خەڵک لەگەڵ پارتییە، بەتایبەتی لە شارێکی وەک ھەولێر دەیانەوێ پارتی دەسەڵاتداربێت، بەداخەوە ھەندێ لایەن پێش ئەوەی بێنە سەر حوکم دەیانویست گەلێک بسڕنەوە و دژایەتی ئێمەیان کرد.
عوزێری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد برا کوردەکانمان پشتگیری ئێمە بکەن و کورسی زیاتر بۆ پێکھاتەکان دیاری بکرێت، بەڵام تەنیا پارتی بەرگری لە کورسی کۆتا کرد و بە ھەوڵی سەرۆک بارزانی پێنج کورسی بۆ پێکھاتەکان گەڕایەوە، ئێستاش چاوەڕێی سەرۆک بارزانین بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی کورسی کۆتاکان.
بڵند عوزێری گوتیشی: سەرکەوتنی گەورەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی ئەمساڵ کاریگەری لەسەر ڕەوشی پێکھاتەکان و پێکەوەژیانی ھەموو لایەک دەبێت، ئێمە پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە لە پارتی دەکەین.
قائید میرۆ




