٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قائیدی بۆ KDP: ئامادەکاریمان بۆ چارەنووسی ڕفێندراوان کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ژنێکی دیکەی کوردی ئێزدی لە سووریا ئازاد کراوە و دەشڵێت، پێش ڕووداوەکانی سووریا ئامادەکاریمان کردبوو و ھاوکارانمان بۆ دۆزینەوەی ڕفێندراوانی ئێزدی لە سووریا ڕاسپێردراون.

حوسێن قائیدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: یەکێک لە ئامانجی دامەزراندنی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراون، بەدواداچوون بۆ سۆراغی ڕفێندراوان بوو، بە ‌تایبەتی ئازادکردنی ئەو کەسانەی ڕفێندراون ھەر لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا کارەکانی نووسینگە بەردەوامە و ڕێنماییەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش ئەوە بووە،‌ تا یەک کەس ماوە بەردەوام دەبین، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا ئازاد کراون گەیشتووەتە سێ ھەزار و ٥٨٣ کەس، تا یەک ڕفێندراویش مابێت، بەردەوام دەبین.

بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوان گوتیشی: پێش چەند ڕۆژێک زانیاریی ئەوەمان بەدەست گەیشت کە کچێکی ڕفێندراوی خەڵکی شنگال لە سووریا بینراوە، ھەموو ڕێکارەکان گیراونەتە ‌بەر بۆ ڕزگارکردنی ئەو کچە و ئێستا لە شوێنێکی پارێزراوە، کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بە خێزانەکەی شاد دەبێتەوە، ئەو خێزانە لە ١٢ کەس پێکھاتوون و بەداخەوە ھەموویان لەلایەن دەوڵەتی بەناو ئیسلامییەوە ڕفێندرابوون، تا ئێستا ٩ کەس لە ئەندامانی ئەو خێزانە لەلایەن نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراون ئازاد کراون، جێگەی داخە دایک و باوک و کوڕێکی ئەو خێزانە لەلایەن تیرۆریستانەوە شەھید کراون.

قائیدی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: پێش دەستپێکردنی ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردووی سووریا، ئێمە ئامادەکاریی خۆمان کردبوو، تا بەدواداچوون بۆ ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی بکەین لە سووریا، دوای ڕووداوەکانیش ئەو کەسانەی لەگەڵ ئێمە کار دەکەن، ڕاسپێردراون سۆراغی ڕفێندراوان بکەن لە سووریا و بە ھەموو توانایەکەوە کار بۆ ئەوە دەکەین چارەنووسی ڕفێندراوان بزانین و ڕزگاریان بکەین.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار