٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٤/١٢/١٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز ئەدمیراڵ سێر ئەنتۆنی ڕاداکین، سوپاسالاری بەریتانیا و شاندێکی پایەبەرزی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆک، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەی بوون، دۆخی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان و پێشھاتە خێراکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە سووریا و ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش تاوتوێ کرا، ھەروەھا پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، خرایە بەر باس.

نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵ و پشتیوانیی بەردەوامی بەریتانیای لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی بۆ ھێزەکانی بەریتانیا دووپات کردەوە کە یارمەتیی ھەرێمی کوردستان دەدەن لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.

لای خۆیەوە، ئەدمیراڵ ڕاداکین پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیی زیاتر و بەھێزکردنی ھاریکاریی ھاوبەشی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، دووپات کردەوە، ھەروەھا ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی ھاریکاری و ھەماھەنگی کرد بۆ دڵنیابوون لە بەرەنگاربوونەوەی سەرکەوتووانەی مەترسییەکانی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکە.

لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھەردوولا خرانە بەر باس.

هەواڵی پەیوەندیدار