٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ گۆپتەپە بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

چەمچەماڵ-KDP.info- کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بۆ گۆپتەپە بەردەوامە و کاری بەردەوامی تێدا دەکرێت، قایمقامی قەزای چەمچەماڵیش دەڵێت، ئەگەر گرفتی داراییمان بۆ دروست نەبێت، پێش وادەی خۆی تەواو دەکرێت. ھاوکات بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستانیش دەڵی، ڕێگە نادەین کارکردن لە پڕۆژەکەدا بوەستێت.

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، رەمک رەمەزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بۆ گۆپتەپە بەردەوام کاری تێدا دەکرێت و کارەکانی بە باشی بەڕێوە دەچێت ئەگەر گرفتی داراییمان بۆ دروست نەبێت پێش وادەی خۆی تەواو دەکرێت، هاوکات پڕۆژەکە لیژنەی بۆ دروست کراوە و کاری خۆی دەکات، بەڵام کۆمپانیا داوای سولفە دەکات و ئێمەش لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ھێڵین بۆ چارەسەری ئەو گرفتە، چونکە بە ڕێژەی ٧% تەواو بووە و تا ئێستا ١٥ ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە، کە تێچووی پڕۆژەکە ١٠٠ ملیار دینارە و بە تەواوبوونیشی، گرفتی ئاوی چەمچەماڵ بە تەواوی چارەسەر دەبێت.

رەمک رەمەزان گوتیشی: ئەگەر گرفتی دارایی چارەسەر بکرێت، لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ تەواو دەکرێت و کارەکانیش زۆر باش بەڕێوەدەچن، بۆ گرفتی داراییش تیمێکی ئێمە سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریان کردووە، بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکەن، بۆیە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە ھۆی نەبوونی سیولە، گرفتی دارایی لە پڕۆژەکەدا ھەیە و ئێمەش لەسەر خەتین و نووسراومان بۆ وەزارەتی خۆمان کردووە سولفەیان بۆ خەرج بکرێت، کە نزیکەی ١٦ ملیار دینارە بۆ ئەوەی کارەکان بە باشی بەڕێوەبچن.

 ناوبراو دەشڵێ: بەردەوام دەبین و ڕێگە نادەین کارەکانی پڕۆژەکە بوەستێت، چونکە کاری پڕۆژەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار