٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٤/١٢/١٢ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا و بەرپرسانی سەربازی و دیپلۆماتکاران، پێکھاتبوو.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێزان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆک، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا ئامادەی بوون، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سووریا، کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر ئەرک و چالاکیی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و دۆخی گشتیی عێراق، تاوتوێ کران، ھەروەھا دەربارەی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە بوارە جیاکاندا، بیروڕایان گۆڕییەوە.

نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئەڵمانیا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە. بەڕێزیان بەتایبەتی ستایشی ڕۆڵی ئەڵمانیای لە پشتیوانیکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعشدا کرد، ھەروەھا ھاوکاریی ھێزەکانی ئەڵمانیای لە پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و یارمەتییەکانی ئەڵمانیای بۆ پێکھاتەکان، بەتایبەتی ئێزدییان بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە، بەڕێز وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا جەختی لەسەر پابەندیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیری و فراوانکردنی ھاریکاریی ھاوبەشی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا کردەوە. ھەروەھا خۆشحاڵیی خۆی بە ئەرکی ھێزەکانیان لە ھەرێمی کوردستان نیشان دا و دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار