سامان شاڵی بۆ KDP: دۆزی کورد گەیشتووەتە قۆناغێکی بەرزتر

ئەمەریکا-KDP.info- پەیوەست بە بانگھێشتکردنی سەرۆکی ھەرێم بۆ پاریس و پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانی ھەرێمی کوردستان، شارەزایەکی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان دەڵێت، بانگھێشتکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتان بۆ سەرکەوتنی دیبلۆماسیەتی کورد دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە سوود لەو پەیوەندیانە وەربگرین نەک تەنھا لەڕووی سیاسی بگرە لەسەر ھەموو ئاستەکان و بەتایبەتیش ئابووری.
دکتۆر سامان شاڵی، سیاسەتمەدار و شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بانگھێشتکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ پاریس گرنگی زۆری ھەیە لەڕووی دیبلۆماسییەوە، ھەروەھا تۆڕێکی پەیوەندی دروست کردوو لەگەڵ سەرۆکی زۆرێک لە وڵاتەکان چاوپێکەوتنی کرد، ئەوەش وادەکات پەیوەندی کورد لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی زیاتر بێت و کە ئەمەش سەرکەوتنێکە بۆ دیبلۆماسیەتی کورد کە بتوانێت لەم ئاستە پەیوەندی دروست بکات، بەتایبەت لەگەڵ سەرۆکی داھاتووی ئەمەریکا بتوانێت پەیوەندیەکی باش دروست بکات بۆ ئەوەی دواڕۆژی میللەتەکەمان لەڕووی ئابووریەوە باشتر بێت، ھاوکات دەتواندرێت ئەو پەیوەندیە سیاسیانە پەرەی پێبدرێت.
شاڵی باس لەوەش دەکات: گرنگیدان بە ھەرێمی کوردستان و بانگھێشتکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو جۆرە مەڕاسیمانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کورد پێشانیدا میللەتێکین پێکەوەژیان لای ئێمە زۆر گرنگە و فرەئایینی و حیزبی لە کوردستان گەشەی کردووە، لە شەڕی دژی داعش کورد ڕۆڵێکی باڵای ھەبوو کە وڵاتان ھاتن ھاوکاری ھەرێمیان کرد ئەمە بووە بناغەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان و کوردیش بتوانێت شەڕی تیرۆر بکات.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغداش، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا پەیوەندی باش بێت و سەرکەوتووبێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، بۆیە ئەمانە ھەمووی وای کردووە گرنگی زۆر بە ھەرێمی کوردستان بدرێت و دۆزی کوردیش گەیشتووەتە قۆناغێکی بەرزتر بەراورد بە ڕابردوو.
بڵند ئیبراھیم




