عەبدولڕەحمان سدیق بۆ KDP: ھەر پاڵاوگەیەک پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان نەبێت دادەخرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ھەر پاڵاوگەیەک پابەندی ڕێنماییەکانی ژینگە نەبێت بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دادەخرێت، خاوەنەکەشی دەستگیر دەکرێت.
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر پاڵاوگەیەک پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان نەبێت دادەخرێت، خاوەنەکەشی دەستگیر دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس، لیژنەکانی قایمقامییەت، پارێزگای ھەولێر و فەرمانگەی ژینگەی ھەولێری ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی دەست بە ھەڵمەتی بە دواداچوون بۆ کاری پاڵاوگەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر بکەن، ھەر پاڵاوگەیەکیش پابەند نەبێت بە ڕێنماییە ژینگەییەکان دادەخرێت و خاوەنەکەشی دەستگیر دەکرێت، ئەم ھەڵمەتانە بەردەوام دەبن بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان تا ئەو کاتەی پابەند دەبن بەگرتنەبەری ڕێکارەکان لە کاری داھاتوویاندا، ئەو لیژنەیەش بە چەند قۆناغێک کار دەکەن بۆ ئەوەی پاڵاوگەکان پابەند بن بە کارەکانیان لە چوارچێوەی یاسا، ئەوەش بۆ ئەوەی ھەوای ھەولێر پاکبێتەوە و بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق گوتیشی: چەندین جار خاوەنی پاڵاوگەکان ئاگادار کراونەتەوە پابەندی ڕێنماییەکان بن، بەڵام پابەند نەبوون، بۆیە داخران و خاوەنەکانیان دەستگیر کران، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیشە، لە ناحیەی قوشتەپە نزیکەی ١٣ پاڵاوگە ھەن، گشتیان کۆنتڕۆڵ کراون و خاوەنەکانیشیان پابەندن بە ڕێنماییەکان.
ناوبراو باسی لەوەشکرد: لە بەردەوامی ھەوڵەکاندا ئومێد وایە پاڵاوگەکانی گوێڕیش کۆنتڕۆڵ بکرێن، چونکە ئەو پاڵاوگانەی لە ناحیەی گوێڕ پاڵاوگەی دووەمیان ھەیە پێویستە کۆتایی پێبھێنن، لەبەر ئەوەی گازوایلی کوالێتی نزم بەرھەم دەھێنن و زیان بە ژینگە دەگەیەنن، بۆیە لە ھەڵمەتەکەدا ئەو پاڵاوگانەی پابەند نەبووبوون داخران و خاوەنەکانیشیان دەستگیرکران، گرینگیشە ھاووڵاتییان چەند ڕاستییەک لەبارەی پاڵاوگە لاوەکیی و نایاساییەکانەوە بزانن کە بەشێک لەو پاڵاوگانە بێ مۆڵەت بوونە و لە ڕابردوو چاودێریی تەواویان بەسەرەوە نەبووە، بۆیە ئەو پاڵاوگانە بەھۆی پاشماوە شل و گازییەکانیانەوە بوونەتە ھۆی پیسبوونی ژینگە، زەوییە کشتوکاڵییەکان و ھەواو ئاو، ژمارەیەکیش لەو پاڵاوگانە ھەرچەندە مۆڵەتپێدراو بوون بەڵام لەبەر ئەوەی بە میکانیزمی کلاسیکی و کۆن کاریان کردووە زیانیان بۆ ژینگە ھەبوو.
لەبارەی چارەکردنەکانیش، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان گوتی: بۆ چارەکردنی کێشەکانی ئەم پاڵاوگانە پێویستمان بە چەند ھەنگاوێک ھەیە وەک:
یەکەم: دامەزراندنی پاڵاوگەی نوێ بە ژمارەیەکی کەم و بە کوالێتی بەرز و بە بەرھەمی گەورە لە بری ئەو ھەموو پاڵاوگە زۆر و کۆنانە.
دووەم: کارکردن بە ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ پابەندکردنی پاڵاوگەکان بە یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان لە کارکردندا.
سێیەم: زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە دەوروبەری پاڵاوگەکاندا.
چوارەم: کاراترکردنی ڕێنماییە ژینگەییەکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان.
پێنجەم: بەشداریپێکردنی زانکۆکانی ھەرێم لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەی زانستی بۆ کەمکردنەوەی زیانی بەرھەمەکانی پاڵاوگەکان.
بڵند ئیبراھیم




