د. سالار عوسمان: کوردستان شانازی بە کەسایەتیی و ڕۆشنبیری گەلەکەمان (کامەران موکری) دەکات

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی دووشەممە 9ـی 12ـی 2024، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی، حزبی، ڕووناکبیر و ڕۆژنامەنووسان و خانەوادەی (کامەران موکردی)، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ڕێوڕەسمێکی شایستەی بۆ (38) ساڵەی ژیانئاوایی شاعیر و ئازادیخوازیی گەلەکەمان (کامەران موکری) سازکرد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتمانی “ئەی ڕەقیب” و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەرەوەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێکرد. پاشان (د. سالار عوسمان)، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وتاری بەخێرهێنانی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی شاعیر و ئازادیخواز (کامەران موکری) لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر مەزنی ئاستی مەعریفی ناوبراو و ئاماژەی بەوەدا کە گەلی کوردستان شانازی بە کەسایەتیی و ڕۆشنبیری گەلەکەمان (کامەران موکری) دەکات.
یەکێک لە بڕگەکانی ڕێوڕەسمەکە، پێشکەشکردنی فیلمێکی دۆکیومێنتاریەک بوو لەسەر ژیان و بەرهەمی شاعیر و ئازادیخوازیی کورد (کامەران موکری) ئامادەکرابوو، دواتر (ئەستێرە کامەران) کچی ڕەوانشاد (کامەران موکری) وتاری بنەماڵەی پێشکەشکرد و تێیدا سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم ڕێوڕەسمە پڕ شکۆیە.
دواتر هەر لە چوارچێوەی بڕگەکانی ڕێوڕەسمەکە هونەرمەندی میوزیکژەن (ئەحمەد سەباح) بە ئامێری کلارنێت، بەرهەمێکی بەناوی (خەمێکی سپی) پێشکەشکرد، پاشان گرنگترین بڕگەی مەراسیم دەستیپێکرد کە پانێڵێکی زانستیی بوو، پ. د. دڵشاد عەلی باسی لە کامەران موکری و دیدە جەماوەرییەکەی کرد. هەروەها فوئاد سەراج باسی هزر و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کامەران موکری کرد پانێلەکە لەلایەن پ.ی.د تانیا ئەسعەد محەممەد سەڵاح بەڕێوەبرا و بە وردی باسی لە گرنگیی بەرهەمەکانی شاعیر و کاریگەرییەکانی لەسەر پێشکەوتنی ڕەوتی ڕۆشنبیری لە کوردستان کرا، لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان، تابلۆیەکی وێنەیی و چەند چەپکە گوڵ پێشکەش بە خانەوادەی بەڕێزی (کامەران موکری) کران وەک وەفایەک بۆ ئەم شاعیرە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرە.






