٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود عوسمان بۆ KDP: داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن ئەنجامەکان قبووڵ ناکەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان تا ئێستا بە باشی و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت و بڕیارە تا ١٥ی ئەم مانگە پرۆسەکە تەواو بێت. دەشڵێ، ئێمە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەرج و داواکاریمان ھەن، ئەگەر جێبەجێ نەکرێن، قبووڵی ناکەین ئەنجامەکان رابگەیەنن، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان.

مەحموود عوسمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا قۆناغی سێیەمی پرۆسەی سەرژمێری بە باشی و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت و جگە لە ھەندێک گرفتی کەمی تەکنیکی، گرفتی گەورەمان نەبووە، کە ئەوەش چارەسەر کراوە و بە حوکمی ئەوەی ڕێژەکە بەردەوام لە زیادبووندایە، ناتوانین باسی ڕێژەیەک بکەین، چونکە بە خولەک ژمارە زیاد دەبێت و دامانناوە ئەگەر گرفت نەبێت تا ١٥ی ئەم مانگە تەواو بکرێت و زۆرترین کاتیش ئەگەر کەشوھەوا لەبار نەبێت تا ١٨ی مانگ تەواو دەبێت، چونکە حیسابمان بۆ ئەوەش کردووە.

عوسمان گوتیشی: "سوپاسی خەڵکی خۆمان دەکەین لە زاخۆوە تا گەرمیان ھاوکار و ھەماھەنگن و بەغداش دانی بەوەدا ناوە کە ھەرێمی کوردستان یەکەمن لە ھەماھەنگیی نێوان ھاووڵاتیان و تیمەکانمان.

ناوبراو ئاماژەشی دا: "بڕیارە لە ناوچە کوردستانییەکان لە ١٢/١٢ تەواو بێت بە ھۆی ئەوەی ئەوان زووتر دەستیان پێکرد، چونکە ئێمە خولێکی ٥ ڕۆژیمان بۆ بژمێرەکان کردەوە، بۆ ئەوەی لە کاری مەیدانیدا کەمترین ھەڵەمان تووش بێت و ئەوەی لە سۆشیال میدیا باس دەکرا، پرسیارەکان بەو شێوە نین و زۆر بە ئاسایی وەڵام دەدرێنەوە و پرسیاری تاکەکەسی نین، بەڵکو پرسیاری گشتین، بۆیە بڕیارە دوای تەواوبوونی پرۆسەکە لە ماوەی دوو تا سێ مانگ ئەنجامەکان رابگەیەنین، چونکە ھەشت ملیۆن خێزان بەشدارن و ھەشت ملیۆن فۆڕم پڕ دەکرێنەوە و ھەر خێزانێک ٧٠ پرسیاری لێ دەکرێت، کە ئەمەش رێکخستنەوە و شیکاری پێویستە و بۆ ھەر پرسیارێکیش پرسیاری دیکەی دێتە پێشەوە، کە ئەمە کاتی پێویستە.

دەشڵێ: "ئێمە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەرج و داواکاریمان ھەن، کە ئەگەر جێبەجێ نەکرێن، قبووڵی ناکەین ئەنجامەکان ڕابگەیەنن، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان لەبارەی ئاوارەکانی دوای ٢٠١٤ کە ھاتنە ناوچە کوردستانییەکان و پێویستە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران دەربچێت و داواکاریی ئێمە جێبەجێ بکرێت، ئەوکات ئەنجامەکان ڕابگەیەنن.

ئاماژەشی دا: "پێویستە ئەوانەی ھاتوون بۆ ناوچە کوردستانییەکان کە ٦٠٠ھەزار کەسن، بچنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و لەسەر کەرکووک هەژمار نەکرێن، هەروەها ئەوانەی ھاتوون بۆ ھەرێم لەسەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان حیساب بکرێن و کارتی نیشتیمانی لەسەر سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ هەژمار بکرێت، ئەوەی ئەوکات نەبێت، پێویستە بچنەوە سەر ئەو ناوچانەی لێوەی ھاتوون.

"ئەو سەرژمێرییە، دەبێتە بنەمایەک لە ھەموو ڕوویەکەوە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بەپێی ئەو بنەمایە کاری لەسەر بکرێت، بۆیە ئەو پرۆسەیە زۆر گرنگە و داتای زۆر باشمان دەداتێ لە ژن و پیاو و منداڵی کچ و کوڕ و ئەوانەی جیا بوونەتەوە و ئەوانەی مردوون، هەروەها چییان لە ماڵەوە ھەیە و ھۆکاری مردنی کەسەکان و منداڵەکان و ئەوانەی بە ڕووداوەکان مردوون، بۆ ئەوەی پلانی تەنانەت لەسەر ئاستی گەڕەک و گوند و ناحیە و قەزا و پارێزگاکانیش دابنرێت، پرسیاری کەلوپەلی ناو ماڵیش بۆ ئەوەیە، کە ئەو کەلوپەلانە ئێستا پێویستن ھەبن و ئەگەر نەبن ئەوە دیارە ھەژارن، بۆیە رێژەی ھەژارییشمان بۆ دەردەکەوێت، کە بێگومان پرسیارەکان بە گشتی و ئەنجامەکان بۆ سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان زۆر باش دەبن، کە ٣٧ ساڵە سەرژمێری نەکراوە، بۆیە گرنگە بۆ گەشەپێدانی وڵات، چونکە ناکرێت ھەر بە خەمڵاندن پلان دابنرێت". مەحموود عوسمان وای گوت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار