وەزیری سامانە سروشتییەکان: ئاماژەکان زۆرن ساڵی نوێ هەناردەی نەوتی هەرێم دەسپێبكاتەوە

ههولێر-KDP.info- کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی كوردستان لە میانی پێشوازیكردن لە كونسوڵی گشتیی فرەنسا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری هەیە و بەشێكی زۆری كورتهێنانی بودجە چارەسەردەكات، هەروەها دەشڵێت، "لە ساڵی نوێ ئاماژەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆ زۆرن".
کەمال محەممەد ساڵح، ئەمڕۆ دووشەممە لەمیانی پێشوازیكردنی لە د. یان بڕیم کونسوڵی گشتیی فرەنسا لە هەرێمی کوردستان و لۆران ئێستراد بەرپرسی بەشی ئابووریی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "پەیوەندییەكانی نێوان فرەنسا و هەرێمی کوردستانی بە گرنگ دەزانین و سوپاسی پاڵپشتی و هەوڵەکانی حکوومەتی فەرەنسا دەكەین بۆ خێرا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشكرد، "لە ساڵی نوێ ئاماژەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆ زۆرن و لە ئێستادا لە قۆناغی هەموارکردنەوەی بڕگەیەکی ماددەی یاسای بودجە دایە.
کەمال محەممەد ساڵح باسی لەوەشكرد، "دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری هەیە و بەشێکی زۆری کورتهێنانی بودجە چارەسەر دەکات".
لایخۆیەوە کونسوڵی گشتی فرەنسا، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و خۆشحاڵیی خۆیشی بە نزیکبونەوەی وادەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەڕبڕی، هەروەها ئومێدی خواست هەماهەنگی و هاوکاری کۆمپانیاکانی وڵاتەكەی بکرێت بۆ وەبەرهێنانی گەورە لە هەرێمی کوردستان.





