دوو پڕۆژەی گرینگ بۆ چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە لە بواری جێبەجێکردن دان

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دھۆک گوتی: لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت، سەنتەرێکی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە بە تیشک و نەخۆشخانەیەکی ١٦٠ قەرەوێلەیی تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە لە دھۆک بە زیاتر لە ٢٠ملیار دینار بنیات دەنرێن، ئیتر نەخۆشانی دھۆک و زاخۆ پێویستیان بە شارەکانی دیکەی ھەرێم و دەرەوە نابێت.
دکتۆر ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە بە تیشک، ڕێژەی تەواوکردنی گەیشتۆتە ٣٥% و کارکردنیش تێیدا بەردەوامە کە بە گوژمەی ١٦ملیار و ٥٠٠ملیۆن دینار درووست دەکرێت، بۆیە پڕۆژەکە ناوی سەنتەری چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە بەتیشکە، چونکە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لە ناوچەی ئیتیت، لەسەر ڕووبەری ٣ھەزار مەتر چوار گۆشە درووست دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چارەسەری بە تیشک هەیە نەچنە شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە، بە تەواوبوونی ئەو سەنتەرە ئیدی پێویست ناکات نەخۆشانی دھۆک بچنە شارەکانی دیکە، بەڵکوو نەخۆشانی شارەکانی دیکەش دەتوانن بێنە دھۆک بۆ ئەوەی بە تیشک چارەسەر بکرێن، بڕیارە ئەو نەخۆشخانەیە لە ماوەی ٥٠٠ ڕۆژ تەواو بێت و بکەوێتە خزمەت نەخۆش.
دکتۆر ئەفراسیاب موسا گوتیشی: پڕۆژەیەکی دیکەیش کە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کۆنی دھۆکە نوژەن دەکرێتەوە و دەکرێتە نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە کە ١٦٠ تەختییە، ئەویش ٩٥%ی تەواو بووە و بەگوژمەی چوار ملیار دینار بنیاتنراوەتەوە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، چاوەڕێ دەکەین ھەندێک گرێبەستمان بۆ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی بکرێتەوە و نەخۆشی لێ چارەسەر بکرێت.
موسا باسی لەوەش کرد: لەمەودوا نەخۆشەکانی ئێمە لە دھۆک و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش بۆ چارەسەر پێویستیان بە شارەکانی دیکە و دەرەوە نابێت و لە دھۆک چارەسەر دەکرێن، بۆیە ئەو دوو پڕۆژەیە بۆ ئێمە زۆر گرینگن کە بەبڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن.
بڵند ئیبراھیم




