ئەکبەر حەیدەر: جموجۆڵی داعش زیادی کردووە و لە کامێراکان دەبینرێن

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی ڕایدەگەیەنێت، داعش لە سنووری پارێزگای دیالە مەترسییە و چالاکی و کردەیان زۆر بووە، بە جۆرێک شەوی ڕابردوو ھێرشی سەر ھێزە عێراقییەکانیان کردووە و زیانی گیانی ھەبووە و لە کامێراکانیش بە ئاشکرا دەبینرێن، بۆیە بۆ ڕێگریکردن لە چالاکبوونەوەی داعش، پێویستە عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بکات.
ئەکبەر حەیدەر خان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: داعش ماوە و کۆتایی نەھاتووە، عێراق و ھەرێمی کوردستانیش بڕوای تەواویان بەوە ھەیە داعش چالاکە و ئێستا چالاکییەکانیشیان بە شێوەی مەفرەزە و گرووپە و ھەر کاتێک بزانن پشێوی ھەیە و دەرفەت بڕەخسێت، ئەوان سوودی لێ وەردەگرن، هاوکات پێش چەند ڕۆژێکیش لە نزیک دێھاتەکانی دەورووبەری خانەقین بۆ سەر ڕووباری سیروان و گوڵەجۆ و شێخ باوە و جەلەولا، گرووپێکی چەکداری داعش کە ١٠ کەس بوون، لە کامێرا بینرابوون و شەوی ڕابردوو لە قەرەتەپەش ھێرشی سەر حەشد و سوپای عێراقیان کردووە و زیانی گیانییش ھەبووە، بۆیە ئێستا داعش لە سنووری دیالە بەراورد بە ڕابردوو چالاکن و کردەی تیرۆریستییان زیادی کردووە.
حەیدەر خان گوتیشی: داعش ئێستا بە جۆرێک چالاکی دەکات وەکو مەفرەزە و گرووپن و لە کوێ بۆشایی ھەبێت، ئەوان کردەی تیرۆریستیی لێ ئەنجام دەدەن، چونکە لەو ناوچانەدا بۆشایی ھەیە و پێویستی بەوە ھەیە چارەسەر بکرێت، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە چالاکی و زیندووبوونەوەی داعش بکرێت، ئەوەیە کە عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بکات، چونکە بۆشایی ھەیە و پێویستە بە ھێزی ھاوبەش پڕ بکرێتەوە.
بەرپرسی لقی ١٥ دەشڵێ: ھێزی پێشمەرگە ئەزموونێکی باشی لە شەڕی داعش ھەیە و توانای لە ھێزە عێراقییەکان زیاترە، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە زیاتر چالاکبوونەوەی داعش بکرێت، ئەوەیە کە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بکرێت، ئەگەرنا داعش بووەتەوە مەترسی.
بڵند ئیبراھیم




