ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ڕەوشی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
سەبارەت بە گۆڕانکاری و ڕووداوی ئەمڕۆی وڵاتی سوریا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێز لە بژاردە و ئیرادەی گەلانی سوریا دەگرین.
ھیوادارین قۆناغی داھاتوو، قۆناغی خۆشی و ئارامی و کۆتاییھاتنی ئاڵۆزییەکان و، سەرەتایەکی نوێ بێت لە پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنی گشت پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە، ھەروەھا ژینگەیەکی لەبار و دەرفەتی گونجاوی سەردەمیانە بڕەخسێت بۆ ژیانێکی شایستە بە گەلانی سوریا لە ھەموو ڕوویەکەوە.
لەلایەکی دیکەوە ھیوادارین ئەم گۆڕانکاریە کاریگەریی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی سوریا و ڕەنگدانەوەی باشی ھەبێ لە چارەسەری کێشە و گرفت و پەرەسەندنەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە سەرتاسەری ناوچەکە و، زمانی دیالۆگ ببێتە بنەمای سەرەکی بۆ چارەسەری گشت کێشەکان و ڕێز لە ئیرادە و خواستی گەلان بگیرێ.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤




