سەرۆکی ھەرێم پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی بە جیھان گەیاند

فەرەنسا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی: سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا زۆر گرینگ بوو و چاوی بە زۆرینەی سەرکردەکانی جیھان کەوت و پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی بە جیھان گەیاند.
دکتۆر عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا زۆر گرینگ بوو و بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە مەراسیمێکی وا گەورە کە سەرکردە گەورەکانی جیھان تێیدا بەشدار بوون ئەوە دەگەینێت ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ئەگەر تایبەت مەندی نەبێت، بۆ لەنێوان سەدان ھەرێم کە ھەنە تەنیا ھەرێمی کوردستان بانگھێشت کراوە، بۆیە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێم لەتەک سەرۆکی وڵاتان لە ئیڤێنتێکی وا گرینگ بەشداربێت، کە ھەرێمی کوردستان چۆتە قۆناغێکی زۆر گرینگ لە بواری دیبلۆماسی و پێشکەوتن لەسەر ئاستی جیھان.
دکتۆر عەلی دۆڵەمەری گوتیشی: ھەرێمی کوردستان شوێنێکی جوان و نموونەییە لەڕووی پێکەوەژیان، لە بەشداریشی لە کردنەوەی یەکێک لە گەورەترین کلێساکان دوای نوژەنکردنەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامی خۆیدا ڕایگەیاند "ئاشتی و دیالۆگ باشترین چارەسەرن بۆ ھەموو کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەموو جیھان، پێویستە ھەمووان پێکەوە بژین".
دۆڵەمەری دەشڵێت: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەو مەراسیمە لەگەڵ سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا، سەرۆکی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، نەمسا، بولغاریا و مەغریب و زۆرینەی سەرۆکەکان دیداری ھەبووە، ئەمڕۆش کۆتایی بە سەردانەکەی ھێنا و گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠٢٤/١٢/٧، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەسەر بانگھێشتی فەرمیی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و ڕێبەرانی جیھان لە پاریس، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دوای نوێکردنەوەی کاتێدرالی مێژوویی نۆتردام کرد.
بڵند ئیبراھیم




