٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: ئه‌م ڕووداوه‌ مێژوویییه موكوڕیمان له‌سه‌ر پاراستنى میراتى هاوبه‌شى مرۆڤایه‌تیمان نیشان ده‌دات

سەرچاوە: KDP.info

فه‌ڕه‌نسا-KDP.info- ئێواره‌ى ڕۆژی شه‌ممه‌ 2024/12/7 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمیى به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك و ڕێبه‌رانى جیهان له‌ پاریس، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دووبارە کردنەوەی كاتێدرالى مێژوویی نۆتردامدا کرد.

بانگهێشت و بەشداریکردنی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، نیشانه‌ى دۆستایه‌تى و په‌یوه‌ندیى پته‌وى نێوان فه‌ڕه‌نسا و هه‌رێمى كوردستانه‌، هه‌روه‌ها گرنگیى ڕۆڵ و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نیشان ده‌دات.

جگه‌ له‌ په‌یوه‌ندیى دیپلۆماسى، هاریكاریى هاوبه‌شى فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى كولتووریدا، بوارێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولایه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ چه‌ندین بوارى چالاكییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان و شوێنه‌واردا، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كاندا، هاوكاریى نزیكیان هه‌یه‌.

هه‌ر له‌باره‌ى به‌شداریكردنییه‌وه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ په‌یامێكدا له‌سه‌ر تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیى ئێكس، ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن و سه‌ركرده‌كانى دیكه‌ له‌ پاریس، به‌شداریم له‌ ڕێوڕه‌سمى دووباره‌ كردنه‌وه‌ى كاتێدرالى ناودارى نۆتردامدا كرد. ئه‌م ڕووداوه‌ مێژوویییه،‌ موكوڕیمان له‌سه‌ر پاراستنى میراتى هاوبه‌شى مرۆڤایه‌تیمان نیشان ده‌دات. پیرۆزبایى له‌ هاوڕێم سه‌رۆك ماكرۆن ده‌كه‌م بۆ ئه‌م كاره‌ ناوازه‌یه‌.

دواى کۆتاییهاتنی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان، له‌ كۆشكى ئێلیزێ ئاماده‌ى ئێواره‌خوانێك بوو كه‌ سه‌رۆك ماكرۆن بۆ میوانان و به‌شدارانى ڕێوره‌سمه‌كه‌، ئاماده‌ى كردبوو.

هەواڵی پەیوەندیدار