٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی نەوت و غاز: عێراق پێویستییەکی زۆری بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بە ھۆی ئەوەی مەترسی لەسەر بەندەری فاو لە عێراق ھەیە، عێراق پێویستییەکی زۆری بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەیە.

د. سەباح سوبحی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دانیشتنی رۆژی سێشەممەی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەرێنی بوو بۆ ھەمواری یاسای بودجە و ماددەی ١٢ لە یاساکە، کە لە بەرژەوەندیی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتە و ھەنگاوێکی یاسایی گرنگە، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکەن بۆ بەندەری جەیھان، کە تێچووی دەرھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت ١٦ دۆلارە، ھەرچەندە تێچوویان زیاترە، بەڵام ئەوەی ئێستا بە شێوەی کاتییە بۆ ماوەیەک، تا لایەنێکی راوێژکاری ھەڵدەستێت بە خەمڵاندنی تێچووی دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان.

سوبحی گوتیشی: ئەگەر ئەو پرسە چارەسەر بکرێت، ئابووریی عێراق و ھەرێمی کوردستان باشتر دەبێت و بازاڕ بووژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت و حەقدەستی کۆمپانیاکانیش چارەسەر دەبێت، بۆیە ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشنیازی کرد، ئەرێنی بوو و وای کرد ئەو گفتوگۆیانەی لە پەرلەمان لەسەری دەکرا، کۆتاییان پێبێت، چونکە بڕوایان بۆ دروست بوو ئەوە لە خزمەتی خەڵکدایە.

دەشڵێ: لە ئێستادا مەترسی لەسەر بەندەری فاو ھەیە، کە نەوتی عێراق لە رێگەیەوە ھەناردە دەکرێت، بۆیە بیر لەوە دەکەنەوە ئەگەر مەترسی ھەبێت، پێویستە رێگەی دیکە بۆ ھەناردەی نەوت ھەبێت، کە ئەویش ھەرێمی کوردستانە، چونکە لە رێگەی ھەرێمەوە دەتواندرێت رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت ھەناردە بکرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئابووریی عێراق نەڕووخێت، بۆیە ھەوڵی بەردەوام ھەیە بۆ ئەوەی پێش پشووی پەرلەمان پەسەند بکرێت و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، چونکە کەشەکە لەبارە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و تاڕادەیەک کۆدەنگی بۆ ئەو پرسە ھەیە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار