سەرۆکی کۆنفیدڕاسیۆن بۆ KDP: ڕێنمایی سەرۆک بارزانی بوو بۆ ڕێکخستن و یەکگرتنی ڕەوەندی کوردستانی

ئەڵمانیا-KDP.info- ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە ساڵی ٢٠١٩وە دەستی بەکارەکانی خۆی کردووە، ئەوەش وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەی کوردانی دیاسپۆڕا لەژێر یەک چەتری نەتەوەیی و بڕوابوون بەئاڵا و خاکی پیرۆزی کوردستان. لە ٤-١٢-٢٠٢٠ یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لەژێر چاودێری سەرۆک بارزانی و بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەنجام دا.
لە دوای چەندان ساڵ کارکردن و کاری بەردەوام بۆ زیادکردنی ناوەندەکان و ھاتنە پێشەوەیان بۆ نێو ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و سەرلەنوێ پیاداچوونەوە بۆ بەڕێوەبردنیان، لە ڕۆژانی ٧و٨ی مانگی دوازدەی ٢٠٢٤، لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەکۆی گشتیی ٣٠٠ ئەندام کۆنگرەی دووەمی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەڕێوەدەچێت.
لەبارەی ئامادەکاری و ئامانجەکانی کۆنگرەی دووەمی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، د. ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دواند و بەڕێزیان گوتی: "ئامانجی بەستنی کۆنگرەی دووەمی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بریتییە لە خۆنوێکردنەوەی کاری ڕەوەندی کوردستانی لە دەستوور و لۆگۆ و کۆمیتەکانی ڕێکخراوی کۆنفیدڕاسیۆن، بۆ یەکگرتن و یەکڕیزی پێکھاتە جیاجیاکانی ڕەوەندی کوردستانی لەژێر یەک چەتری نیشتیمانی و نەتەوەییدا، لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و یەکسانی و پێکەوەژیان و مافەکانی مرۆڤ.
سەرۆکی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەی ھاتنی شیفا بارزانی بۆ نێو کاری سەرپەرشتیکردنی ڕەوەندی کوردستانی گوتی: "ھاتنی شیفا بارزانی وەرچەرخانێکی گەورەبوو بۆ کاری دیاسپۆڕا، بەھۆی کاریگەریی کەسایەتیی بەڕێزیان بەدەیان کۆڕ و کۆبوونەوەی جەماوەری لە زۆربەی وڵاتانی جیھان ئەنجام درا، لە ئەنجامیشدا بەدەیان کۆمەڵە و ڕێکخراوی جۆراوجۆر و کەسایەتیی کوردستانی ھاتنە پاڵ ئەم پڕۆژە نەتەوەییە گشتگیرە، ئەمەش ھەمووی بەرئەنجامی ڕێنمایی و داخوازی سەرۆک بارزانی بوو بۆ ڕێکخستن و یەکگرتنی ڕەوەندی کوردستانی.
پەیوەست بەوەی کە چۆن خۆتان بۆ کۆنگرەی دووەم ئامادەکردووە، د. ئیسماعیل کامل دەڵێت: "زیاتر لە چوار مانگ لەپێش کۆنگرە ئامادەکاری چڕمان کرد بۆ بەستنی کۆنگرەی دووەم، پێنج کۆمیتە دروست کران وەکو کۆمیتەی دەستوور کە کاری پێداچوونەوە و نوێکردنەوەی دەستووری کۆنفیدڕاسیۆنە، ھەروەھا کۆمیتەی ڕێکخستن کە ھێڵە گشتییەکانی کاری ڕەوەندی کوردستانی و گەورەبوون و بڵاوبوونەوەی ناوبانگی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پێویست بوو دەستوور و کۆی تەوەرەکانی تری تایبەت بەکاری ڕێکخراوەیی گۆڕانکارییان بەسەردابێت و بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کار و سەردەمی نوێدا.
د. ئیسماعیل کامل باس لەوەش دەکات: "نوێنەری بیست فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە و ڕەوەندی کوردستانی و نوێنەری چوار فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی و ١٠٤ کۆمەڵە لەگەڵ ٤٠ ناوەند، لە تەواوی وڵاتانی جیاجیای جیھانەوە بەشداری کۆنگرەی دووەمی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەبن لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، لە ڕۆژانی ٧و ٨ مانگی دوازدە ٢٠٢٤، کۆی گشتیی ئەندامانی کۆنگرە ٣٠٠ ئەندام کۆنگرەن، ئەمە سەرەڕای بەشداریکردنی نزیک ١٠٠ میوان کە لە کەسایەتی و نوێنەرانی پارت و لایەنە کوردستانییەکان پێکھاتوون.
دکتۆر ئیسماعیل کامل، لە ساڵی ١٩٧٦ چووەتە وڵاتی سوید و دەستی بەخوێندن کردووە لەبەشی دەرمانسازی، دوای تەواوکردنی ئەم بەشەش بووە بە مامۆستای زانکۆی ئۆپسالا و لە ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید، دواتر لە ساڵی ١٩٩٥ پەیوەندی کردووە بە پارتی گەلی لیبڕاڵی سویدەوە و بووە بە سەرۆکی ئەو پارتە لە ھەرێمی ئۆپسالا و سەرۆکی کۆمیتەی تەندروستی، لە ٢٠٠٦ – ٢٠١٠ جێگری ئەندام پەرلەمانی سوید بووە، لە ٢٠١٠ – ٢٠١٥ ئەندامی پەرلەمانی سوید بووە لە کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماسیدا، لەھەمان کاتیشدا ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی لیبڕاڵی سوید بووە، ئێستاش مامۆستای زانکۆی ستۆکھۆڵمە و سەرۆکی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییە.
ساسان دەروێش




