٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەیان خەیری بەگ: سەرۆکی ھەرێم ھەمیشە ھاوکاری ئێزدیەکان بووە

سەرچاوە: KDP.info

لالش-KDP.info- ھاوسەری میری ئێزدیان دەڵێت، سوپاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین، کە لە ئێستا و ڕابردوودا بەردەوام لە ڕێگەی نووسینگەی خۆیەوە کچان و ژنانی ئێمەی لە دەستی داعش ڕزگار کردووە، داواش لە ھەرێم و عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات، بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

خاتوو مەیان خەیری بەگ، ھاوسەری میری ئێزدیان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "کچێکی دیکەی کوردی ئێزدی لەلایەن نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، ڕزگار کراوە و لە لالشە، ئێمە پێشوازیمان لێکرد و زۆر پێی دڵخۆشین و ھیوادارین ئەوانەی لە دەستی داعشدا ماون، ئەوانیش ڕزگار بکرێن".

خەیری بەگ گوتیشی: "داواکارین لە حکوومەتی عێراق، ئەوانەی لە دەستی داعشدا ماون، ڕزگاریان بکەن و ھیوادارین ئەو لیژنەیەی بۆ ئەم مەبەستە پێکیان ھێناوە، بە دروستی کاری خۆیان بکەن، ھەروەھا سوپاسی نووسینگەی ڕزگاربووانی سەر بە نووسینگەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین، کە بەردەوام خەڵکی ئێمەیان ڕزگار کردووە و ئێستاش کچێکی دیکەیان لە دەست داعش ڕزگار کردووە و داواکارین بەردەوام بێت، بۆیە ئێمە بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەربەرزین".

ناوبراو دەشڵێت: "ھیوادارین دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئەمەش پێویستی بە کات ھەیە، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، داواش لە حکوومەتی ھەرێم و عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، ھاوکار بن بۆ ئەوەی کوردانی ئێزدی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، کە ١٠ ساڵە لەنێو چادردان، بۆیە داواکارین ڕێککەوتنێکی سیاسی بکرێت، تا ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار