نوێنەری سەرۆک بارزانی بەشداری لە کۆڕبەندی یەکێتیی دیموکراتەکان دەکات

واشنتۆن-KDP.info- نوێنەری سەرۆک بارزانی، لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەشداری لە کۆڕبەندی ساڵانەی یەکێتیی دیموکراتەکانی جیھان دەکات.
لە کۆڕبەندی ساڵانەی پارتە دیموکراتەکانی جیھان IDU لە واشنتۆن، فەلاح حەسەن، بە نوێنەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، بەشداری کرد و لە کۆڕبەندەکەدا پەیامی جەنابیانی گەیاندە ئامادەبووان و سڵاوی گەلی کوردستان و پێشمەرگە و پارتی دیموکراتی کوردستانی پێ ڕاگەیاندن.
شایەنی باسە، سێر (ستیڤن ھارپەر) سەرۆکی پارتە دیموکراتەکانی جیھان و سەرۆکی پێشووی وڵاتی کەنەدا، سوپاسی تایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ناردنی نوێنەری جەنابیان و بەشداریکردنیان لە کۆڕبەندەکەدا، ھەروەھا سوپاسی گەلی ھەرێمی کوردستان بە گشتی و ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیشی کرد، بە تایبەتی کە ڕۆڵی قارەمانانەیان لە ڕۆژانی شەڕی داعشدا گێڕاوە.
ستیڤن ھارپەر، ئاماژەی بەوەش دا، کە بۆ ئەو جێگەی شانازی بووە کاتێک سەرۆکی کەنەدا بووە و یەکەم سەرۆک وڵات بووە بە فەرمی لە ڕۆژانی شەڕی داعشدا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە و ئەوکات لەلایەن جەنابی سەرۆک بارزانییەوە پێشوازیی گەرمی لێکراوە.
کۆڕبەندی ساڵانەی یەکێتیی دیموکراتەکانی جیھان (پارتە دیموکراتەکانی جیھان) بە ئامادەبوونی سەرۆکی وڵاتان و دەیان وەزیر و پەرلەمانتار و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی پارتەکانی دیموکراتی زیاتر لە ٦٥ وڵاتی جیھانی ئەنجام دەدرێت، کە ٨٥ پارت تێیدا ئەندامن و کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی گرنگە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی باڵادا.





